ئایا بارزانی لەسەر ئەزموونێکی شکستخواردوو بەردەوام دەبێت؟

بارزانی پێیوایە ئەزموونی حکومەتی عێراق شکستی خواردووەو دەڵێت"بۆچی لەسەر ئەزموونێکی شکستخواردوو بەردەوام بین؟"

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی كە شەوی چوارشەممە ٣/١٦ پەخشدەكرێت مەسعود بارزانی دەڵێت" بۆچی لە سەر ئەزموونێكی شكستخواردوو بەردەوام بین؟ ئایا مەعقولە بۆ جارێكی دیكە بۆ شەڕ و كوشتن بگەڕێینەوە یان بە سەقامگیری بە ئاشتی و برایەتی بژین و هاوكاری یەكتر بكەین، ناوچەكەش سەقامگیر دەبێت".

مەسعود بارزانی سەبارەت بە سەربەخۆیی باشووری كوردستان دەڵێت‌ "بە بڕوای من هەر دواخستنێك دەرنجامی باشی نابێت، هیچ شتێك نەما نەیكەین بۆ پاراستنی عێراق بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، پێویستە ئەوەش بە بیر بهێندرێتەوە كە لە دیباجەی دەستووری عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە پابەندبوون بەو دەستوورە گرێنگی پاراستنی یەكگرتوویی عێراق دەدات، لەڕاستیدا حكومەتی عێراقی پابەند نەبووە بەو دەستوورە و دەیان نموونەش هەیە".

سەبارەت بە تەقینەوكەی ئەنكەرە کە شەوی ٣/١٣ ئەنجامدرامەسعود بارزانی دەڵێت‌" تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كردەوە نەخراوەتە پاڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام ئەگەر بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر سەلمێندرا پارتی كرێكارانی كوردستان لە پشت ئەو كردەوەیەوە بووە، ئەوە تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە یەكەمجار بەرامبەر گەلی كوردو كارەساتێكی گەورە دروستدەكات و كێشەكان گەورەتر دەكات و بەرەو ئاڕاستەی شەڕێكی بەرفراوانی میللی لە نێوان كورد و تورك لە توركیا دەڕوات".




PM:11:05:15/03/2016