"گرێدانی دیداری سلێمانی‌و ساڵرۆژی هەڵەبجە سوكایەتی بوو بە كەسوكاری شەهیدان"

سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان پێیوایە هاوكات بوونی دیداری سلێمانی‌و ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە سوكایەتیكردن بوو بەكەسوكاری شەهیدان.

شوان قه‌ڵادزێی، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌په‌یجی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی‌:"گرێدانی دیداری سلێمانی له‌ساڵڕۆژی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا، جگه‌ له‌وه‌ی بێڕێزیه‌ به‌رامبه‌ر كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی كیمیاباران‌و ڕاسته‌وخۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خ ‌و گرنگی ئه‌و یاده‌یه‌و هه‌وڵێكه‌ تا به‌رپرسان به‌شداری تێدانه‌كه‌ن".

قه‌ڵادزێی‌ ده‌شڵێت:"خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ بۆ دیداری‌ سلێمانی‌ له‌م قه‌یرانی داراییه‌ی ئێستا كه‌خۆیان ناویان ناوه‌ قه‌یرانی دارایی، هیچ مانایه‌كی نییه‌".

ناوبراو وتیشی‌:"ئێستا كاتی كرداره‌ بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كانی كوردستان، نه‌وه‌ك دیداری سلێمانی‌و قسه‌كردنی به‌رپرسانی باڵای حزب‌و حكومه‌ت كه‌ به‌و هه‌موو قسه‌ بێكرده‌وه‌ییانه‌، خه‌ڵكی كوردستانیان بێزارو نیگه‌ران كردوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌هۆی بێ به‌رنامه‌یی دیداری سلێمانییه‌وه‌، له‌بری چاره‌سه‌ر كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان قوڵتربووه‌وه‌، ئابڕوی‌ كوردیشیان برد، كه‌ به‌به‌رچاوی میوانانی شۆڤێنی عه‌ره‌بی بیانی به‌قوڵی كێشه‌كانیان باسكردو كوردیان كرده‌ گاڵته‌جاری به‌رده‌م میوانه‌كان".



PM:05:32:17/03/2016