زەکەریا لە نەورۆزدا چەپکە نێرگز پێشکەشی کێ دەکات؟

ئەستێرەی ناسراو زەکەریا عەبدوڵا لە جەژنی نەورۆزدا چەپکە نێرگزی بەهار دەکاتە دیاری بۆ خەڵکی کوردستان.

دەقی پەیامەکەی زەکەریا عەبدوڵا کە لە پەیجی" سیبلێرێتی نیوزەوە" بڵاوکراوەتەوە:   

لە ناخێکی پڕ لە خۆشەویستی کوردستان و عاشق بوون بە جوانی سروشت و بەرزی شاخ و لووتکەی چیا سەر بڵندەکانی نیشتمان. جوانترین و ناسکترین چەپکە نێرگزی بەهار دەکەمە دیاری ئێوەی ئازیز و گەرمترین پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی کوردان نەورۆز و ساڵی نوێی (2716) ی کوردیتان لێ پیرۆزدەکەم. هیوادارم خۆشترین و جوانترین ساتەکانی ژیانتان لەگەڵ ئەو بەهارە جوانە پڕ لە گوڵ و گوڵزارە بەسەر بەرن و ببێتە شادترین یادەوەری لە لاپەڕەکانی تەمەن، نەورۆز جەژنی نوێ بوونەوە و شکۆمەندیە بۆ گەلی کورد کە هەزاران ساڵە قوربانی لە پێناو داوە، بە هیوام ئەم بەهارە ببێتە جوانترین ئاوازی شادی بۆ ژیانی هەموو تاکێکی کورد، هەزاران جار پیرۆز بێت رۆژی نوێی وڵاتمان.

زەکەریا عەبدوڵڵا گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە، لە ھەولێر لەدایک بووە. لە ‌ساڵی ١٩٩٣ کوچی کرد بۆ سوید و کاری مۆسیقای دەست پێ کرد، ھەر لەوێ دەستی بە ‌ژەنینی کیبۆرد کرد لەگەڵ سترانبێژانی ناوداری کورد، لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم ئالبوومی خوێ بە ناوی تۆ ھاتی بڵاوکردەوە و بوو بە ‌سەکۆیەکی پەڕینەوە ‌بۆ ناو دونیای مۆسیقا و توانی ناوی خۆی لەوێدا دیاری بکات.
لە ‌ساڵی ٢٠٠٠ دووەمین ئالبوومی بەناوی بگەڕێوە بڵاو کردەوە، پاشان پەرەی بە ‌کارەکانی دا و بە ‌ھۆی بڵاوکردنەوەی ئاڵبوومی دایە لە ‌ساڵی ٢٠٠١ دا لایەنگری زیاتری پەیدا کرد. ھەر لەوە بە ‌دواوە گەشە سەندن و پێشکەوتنی بەردەوامی ھەبووە ‌تا ئەو رادەیەکە ھەموو کات بە ئاسانی دەیتوانی لایەنگرانی زۆر لە ‌دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.
لە ‌ساڵی ٢٠٠٢دا ئالبوومی رۆژگاری بڵاو کردەوە ‌و لایەنگرانی بۆ لای خۆی راکێشا. ئەم ئالبوومە تا ئێستا ١.٥ ملیون کۆپی لێ کراوە. ئەم ئالبوومە کە ‌١٤ ستران لە ‌خۆی دەگرێ و ھەروەھا کلیپ و ڤیدیۆی زۆری بۆ سترانەکانی کراوە ‌و لە ‌ھەموو کەناڵە ‌کوردیەکان وەکوو کوردستان تیڤی و کوردسات بڵاو دەکرێنەوە. زەکەریا ئالبوومی "تیلیناز" ی لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاو کردەوە کە سێ ملێون کۆپی لێ بڵاو کرایەوە.
تازەترین بەرھەمی زەکەریاش ئالبوومی (گەنجی پیر)ە کە لەگەڵ دەسپێکردنی ساڵی نوێی ٢٠٠٧ بڵاو کرایەوەو تیایدا ھەوڵی داوە لە ھەموو روویەکەوە چ وەک مۆسیقا، چ وەک تەکنیک و تەکستی گۆرانییەکان شێوازێکی تازە و ھەندێک جیاواز لەبەرھەمەکانی پێشووی پێشکەش بکات.
وێڕای ھۆنراوەکانی شاڵاو عەلی کە لە ھەموو ئالبوومەکانی زەکەریادا جێ پەنجەی بەرچاو و دیارە، لەم بەرھەمەدا بۆ جاری یەکەم لە کۆی ١٢ گۆرانی؛ نۆ ھۆنراوەی سامی ئەرگۆشی کردووەتە گۆرانی کە ناوی ئالبوومەکە گەنجی پیر و کلیپی گوڵێ دوو لەو ھۆنراوانەن.



PM:10:11:21/03/2016