دوو ئافره‌تی‌ ئێزیدی‌ له‌فه‌لوجه‌ رزگاركران

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار رایگەیاند، هێزەكانی عێراق و چەكدارانی هۆزە سوننەیه‌كان، دوو ئافرەتی ئێزیدییان لە باشووری فەلوجە لە دەستی داعش رزگار کرد.

 مەحلاوی به‌ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵی‌ توركی‌ راگه‌یاندوه‌ دوو ئافرەتە ئێزیدیە رزگارکراوەکە لەلایەن هێزێكی فیرقەی هەشتی سوپاو چەكدارانی هۆزە سوننەكان گەیەنرانە باشووری فەلوجە.

وتیشی "دوو ئافرەتەكە بەیارمەتی‌و زانیاری سەرچاوەكانی خۆیان لەناو فەلوجە ئاسانكاریی دەرچونیان بۆ كراوەو بە بەلەمەوە گەیەنراونەتە لای هێزە ئەمنی‌و چەكدارانی هۆزە سوننەكان لەباشوری فەلوجە".

ئەو دوو ئافرەتە رزگارکراوە، پێشتر داعش لە موسڵەوە هێنابوونی بۆ ناو فەلوجە، بۆیە مەزەندە دەكرێت، ژمارەیەكی دیكەی ئافرەتی ئێزیدی لە ناو شارەکەدا هەبن.

هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، دوو ئافرەتەکەیان رادەستی حكومه‌تی‌ بەغدا كردوە.

ڤیان دەخیل، نوێنەری پێكهاتەی كوردی ئێزیدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا سوپاسی هێزەكانی عێراقی‌ كرد سەبارەت بەوەی توانیویانە دوو ئافرەتی ئێزیدی لە فەلوجە لە دەستی داعش رزگار بكەن و بە سەلامەتی بیانگەیەننە شوێنێکی پارێزراو.



PM:03:58:31/05/2016