فتوایەكی نوێ.. ئەم كەسانە دەتوانن لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو نەبن

لیژنەی باڵای فتوای هەرێمی کوردستان لە نوێترین فتوایاندا، ڕایانگەیاندووە، ئەو قوتابیانەی کە تاقیکردنەوەکانیان دەکەوێتە مانگی ڕەمەزانەوە بۆیان دروستە ئەو چەند ڕۆژە بەرۆژوو نەبن.

لە فتواکەی لیژنەی باڵای فتوای ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "بەو پێیەی بەشێکی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی خوێندن دەکەونە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئەمەش وا دەکات ڕۆژووگرتن بۆ قوتابیان ئاسان نەبێت، بۆ ئەم مەبەستە ھەر کاتێک قوتابیان پێویستییان بە خوێندن و پێداچوونەوە و تاقیکردنەوە ھەبێت، ئەمانەش لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بوون، بەڕۆژووبوونیش وای لە قوتابیان دەکرد لە خۆئامادەکردن بۆ خوێندن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە سست ببن، ئا لەم حاڵەتەدا بۆیان دروستە ئەو چەند ڕۆژە بەرۆژوو نەبن و خۆیان بۆ تاقیکردنەوە ئامادە بکەن".

هەروەها وتوشیانە "دواتریش کە عوزرەکەیان تەواو دەبێت واجبە ڕۆژووەکانیان قەزا بکەنەوە".

لەفتواکەدا ئەوەش هاتووە "مەرجی سەرەکی ئەم ڕێگەپێدانەش لەوە دایە کە قوتابیەکان لەو زیانپێگەیشتنە دڵنیا بن، بەوەی لە وانەکان دەکەون یان زیانیان پێدەگات، چونکە ڕۆژوگرتنی مانگی ڕەمەزان واجبە لەسەر ھەموو موسڵمانێکی موکەلەف (عاقل و بالغ) بێت و تەندرووست و نیشتەجێ بێت".



PM:01:40:01/06/2016