سەرۆكی پەرلەمان: پرۆفیسۆر زەڵمی خاوەنی چەندین فەتوای تایبەت و گرنگ بوو

بەبۆنەی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خێزان و کەسوکاری زەڵمی دەکات و دەڵێت: "د.مستەفا زەڵمی یەکێک بوو لە پایە گەورەکانی بیری ئایینی میانڕەو و زانایەكی رۆشنبیر و داهێنەرێكی بواری خزمەتکردنی زانست و زانیاری بوو".

دەقی پەیامەکەی یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

 بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
 
به داخ و پەژارەیەكی زورەوه، هەواڵی کۆچی دوایی زانا و پڕۆفیسۆریی ناوداری کورد و جیهانی ئیسلامی د.مستەفا زەڵمی مان بیست. کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد . د.مستەفا زەڵمی یەکێک بوو لە پایە گەورەکانی بیری ئاینی میانڕەو و زانایەكی روشنفیكر و داهێنەرێكی بواری خزمەتکردنی زانست و زانیاری بو.

لە ژیانی پڕ بەرهەمیدا لە بواری زانست و یاسا وشەرعەتدا خاوەنی زیاتر لە 50 کتێبی گرنگ و دانسقە بوو. بۆچوون و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە پرسە جیاوازەکانی ژیان و ئاینداریی نەک لە کوردستان، لە ئاست جیهانی ئیسلامیدا بایەخدار و متمانە پێکراو بوو.

خاوەنی چەندین فەتوای تایبەت و گرنگ بوو، کە هەمیشە بۆچوون و فەتواکانی گوازرشت بوون لە تێڕوانینێکی تازەگەرانه و دادپەروەرانە و واقعیییانە بۆ ژیانی مرۆڤ. بە کۆچی دوایی ئەم زانا و پڕۆفیسۆرە، هزری ناتوندوتیژیی و میانڕەویی، لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی لە دەست چو.

پەرلەمانی كوردستان، له خوله یەك لەدوای یەكەكانیدا، زور سودمەند بو له بیره فراوانەكەی مستەفا زەڵمی، بەتایبەت لە یاسا پەیوەندیدارەكانی باری كەسی.

بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی له خۆمان و خێزان و بنەماڵە و هەوادارانی زانست و یاسا و شەریعەت دەکەم. داواکارین لە خوای گەورە، گیانی مستەفا زەڵمی، بە بەهەشتی بەرین شاد کات.
 
                                 انا لله و انا الیە راجعون
 
 د. یوسف محەمەد سادق
 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان



PM:02:34:04/06/2016