سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق مافی دەنگدانی لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانی سەندەوە

سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق لە چوارچێوەی كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیهان، مافی دەنگدانی لە سەندییكای رۆژنامەنوسانی كوردستان سەندەوە‌و سەنتەری میترۆش نیگەرانی خۆی لەمبارەوە رادەگەیەنێت.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی رۆژنامەنوسان لە بەیاننامەیەكدا دەنوسێت " نەمانی مافی دەنگدانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان پاش ئەوە دێت، كە ئەو سەندیكایە توانی لە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەكی رەسمی لەلایەن ئەم فیدراسیۆنە بناسرێت و لە كۆنگرەكانی بەشدار بێت.".

دەقی بەیاننامەكە:


ئەوەی سەندیكای كوردستان شانازی پێوە دەكرت عێراق لێی سەندەوە

سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق لە چوارچێوەی كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیهان، توانی مافی دەنگدان لە سەندییكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بسەنێتەوە و سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان "بگەڕێنێتەوە ژێر دەواری خۆی."
رۆژی پێنج شەممە لە میانەی 29 هەمین كۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی لە شاری ئەنجیرسی فەرەنسادا و بە بەشداری 140 دەوڵەت، لە سەر پێشنیازی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق، مافی دەنگدان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان وەرگیرایەوە.
موئەیەد ئەللامی پاش دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی دەنگی سەندیكاكەی كوردستان رایگەیاند " لە ریگەی ئەم دەنگدانەی وڵاتانی جیهان توانیمان یەكێتی خاكی عێراق بپارێزین"
نەمانی مافی دەنگدانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان پاش ئەوە دێت، كە ئەو سەندیكایە توانی لە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەكی رەسمی لەلایەن ئەم فیدراسیۆنە بناسرێت و لە كۆنگرەكانی بەشدار بێت.
سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ساڵانە بڕێك پارە لە ئەندامەكانی وەك ئابونە بۆ فیدراسیۆنی جیهانی رۆژنامەنوسان وەردەگرن. دەیدەنێرن بۆ ئەو فیدراسیۆنە، بە پێی ئەم بڕیارە بێت دەبێت رۆژنامەنوسانی كوردستان ئەو برە پارەیە بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق بنێرن.
فیدراسیۆنی نێودەڵتی رۆژنامەنوسان، ساڵی 1926 دامەزراوە، گەورەترین سەندیكایە بۆ رۆژنامەنوسان لە سەر ئاستی جیهان، بارەگای سەرەكی لە شاری بروكسلی بەلجیكایە. ئەو سەندیكایانەی ئەندامن لەم فیدراسیۆنە كە بە رەسمی لە لایەن دەسڵاتدارانی وڵاتەكانیان متمانەیان هەیە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسانی لەكاتێكدا نیگەرانی خۆی لەم بریارەی كۆنگرەكەی فیدراسیۆنی جیهانی رۆژنامەنوسان رادەگەێنێت، پێی وایە لێسەندنەوەی دەنگدان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر بڕیاری سەربەخۆی وە دەبێت هەموو رێگاكان تاقیبكاتەوە بۆ وەرگرتنەوە ئەو مافە.
بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.



PM:01:28:11/06/2016