لێدوانێکی د.عەلی قەرەداغی کوردانی باکور تووڕە دەکات

د. عەلی قەرداغی وەک یارمەتیدانێکی حکومەتەکەی ئۆردغان داوا لەهاوڵاتیانی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی دەکات بۆ گەشتوگوزاری ئەم هاوینە سەردانی تورکیا بکەن، ئەمەش توورەیی هاوڵاتیانی باکوری کوردستان دەوروژێنێت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی ئیسلامی، د. عەلی قەرەداغی وەک هەڵوێست و هاوپشتییەک بۆ ئەو قەیرانە ئابورییەی بەهۆی شەڕەوە دووچاری بووە، داوا لە موسڵمانی جیهان دەکات گەشتی ئەم هاوینە لە تورکیا بەسەربەرن و سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

قەرەداغی لەو بوارەدا وتوویەتی " ئەی موسڵمانان پشتی تورکیا بگرن بۆئەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نەگەنە ئانجامەکانیان".
هەروەها داوای کردووە لە هاوڵاتیان کە ئەو سەفەرانەی ویستوویانە بۆ تورکیا بیکەن هەڵی نەوەشێننەوە" بەهۆی ئەو تەقینەوانەی فرۆکەخانەی ئەتاتورکی کردە ئامانج".

هاوڵاتیان باکوری کوردستان و چالاکوانان رخنەی توند لە د. عەلی قەرەداغی دەگرن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن نزیکەی یەک ساڵە سووپای تورک بەدەیان شاری باکوری کوردستانی وێران کردووەو، خەڵکی مەدەنی دەکوژێت و، بە بەسەدان چالاکوانی کورد دەداتە دادگا، د. عەلی قەرداغی هیچ لێدوانێکی بۆ پاڵپشتی کورد رانەگەیاند، کەچی ئێستا دەیەوێت حکومەتی ئاکەپە رزگار بکات و هانی موسڵمانان دەدات بۆ گەشتگوزار و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەپرسن" ئایا کاری ئەوبەرپرسە باڵایەی ئیسلامی ریکلام کردنە بۆ شوێنی گەشتوگوزار؟".



AM:10:20:08/07/2016