نوێنەری بارزانی سەردانی نەوشیروان مستەفا دەكات

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیاروایە مەسعود بارزانی سەردانی سلێمانی بكات، وتیشی "سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری هەیە و نوێنەری دەچێتە لای كاك نەوشیروان مستەفا و بەرپرسانی یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش".

دوابەدوای بەشداریكردنی لە دابەشكردنی خەڵاتی یەكەمەكانی ئەزمونە گشتییەكان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا و وتی "سەرۆك بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات". وتیشی "سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەری هەیە و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بە نوێنەرایەتی خۆی دەنێرێتە لای كاك نەوشیروان مستەفا و بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزب و لایەنەكان دیكە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی".

لەبارەی پێداچونەوەش بە سیستمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "لەو قۆناغەدا نین بتوانین پێداچونەوە بە سیستمی دابەشكردنی موچەدا بكەین و چاوەڕێی باشبونی دۆخی دارایی و ئابوری دەكەین".
سەبارەت بە دابەشكردنی موچەی پێشمەرگەش لەلایەن ئەمریكاوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە مانگی ئاب (8)ەوە موچەی بەشێك لە پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە دابەش دەكرێت.



PM:02:40:19/07/2016