فواد حسێن هیچ پەیامێکی بارزانی بۆ نەوشیروان مستەفا پێ نەبووە

هەرچەندە زۆرێک لەمیدیاکان بڵاویان کردەوە نێردراوی بارزانی، د. فواد حسێن پەیامێکی ئەوی پێبووە بۆ نەوشیروان مستەفا، بەڵام بە پێی هەندێک زانیاری دەست سپی کەوتووە نوێنەرەکەی بارزانی هیچ پەیامێکی پێ نەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" د. فواد حسێن کە هاتۆتە سلێمانی بۆ بینی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسانی یەکێتی، هیچ پەیامێکی دیاریکراوی پێ نەبووەو، زیاتر کۆبوونەوەی گۆڕینەوەی بیروڕابووەو هاوکات بەنەوشیروان مستەفاشی راگەیاندووە کە لەپێناو چارەسەرکردنی بارودۆخی کوردستاندا دەستپێشخەری بکات".

سەبارەت بە وەڵامی نەوشیروان مەستەفا بۆ نوێنەرەکەی بارزانی، سەرچاوەکەی سپی رایگەیاند" رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە فواد حسینی راگەیاندووە، من هیچم لانییە تا دەستپێشخەری بکەم بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە، پۆستی سەرۆکی هەرێم لای بارزانییە، حکومەتی لای ئەوانە، ئەنجومەنی ئاسایش لای ئەوانە، پەرلەمانە ئەو پەکی خستووە..هتد، من چیم لایە تا دەستپێشخەری بکەم".
سپی زانیوویەتی نەوشیروان مستەفا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە مادام هەرچی دەسەڵاتە لای بارزانی و پارتییە، دەبێت ئەو دەستپێشخەری بکات بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی. فواد حسێن بەردەوام دەبێت لەم هەوڵەیی و لە رۆژانی داهاتوودا سەرلەنوێ سەردانی سلێمانی دەکاتەوەو لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی کۆدەبێتەوە.  

رۆژی ٧/٢٤ بەدوور لە چاوی کامێرا د. فواد حسێن وەک نوێنەری بارزانی بەسەردانێک گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی و لایەنەکانی تر کۆبووەوە.



AM:10:07:26/07/2016