یەپەگە رژێمی سوریا بە پێشێلكردنی رێكەوتنەكە تۆمەتبار دەكات

یەكینەكانی پاراستنی گەل رژێمی سوریا‌و هاوكارانی بە پێشێلكردنی رێكەوتنی 16ی ئەم مانگە تۆمەتبار دەكات‌و ئاماژە بەوە دەكات كە لە كاتژمێر 11ی شەوی رابردوودا هێزەكانی رژێم هێرشیان كردوەتەسەر خالێكی هێزەكانی ئاسایش.

هاوارنیوز، ئاژانسی نزیك لە كانتۆنەكانی رۆژئاوا بڵاویكردەوە كە پاش شكاندنی ئاگربەسەكە شەڕ بە شێوەیەكەی بەرفراوان لەبازاڕی حەسەكە‌و كازیە ملشۆ‌و كەنیسەی ئاشوری لە گەڕەكی مەساكین‌و گەڕەكی نەشوەی رۆژئاوا، بەرپا بووە.

هەروەها دەنوسێت: شەڕەكە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی بەشار ئەسەد دایە. ئاماژە بەوەشدەكات: كاتژمێر 4ی ئەم بەیانییە بەهۆی ناوبژیوانی هەندێك كەسایەییەكانی حەسەكەوە شەڕ بۆ ماوەیەك راگیرا، بەڵام كاتژێمر 5 و 15 جارێكی دیكە رژێم دەستی بە هێرشكردن كردوەتەوە. بەرامبەر بەوەش هێزەكانی ئاسایش‌و هێزەكانی یەپەگە بنكەكانی رژیمی ئەسەدیان كردە ئامانج.

بەرامبەر بەوەش تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەكانی سوریا دەستیان بە بۆردومانی چەندین شوێنی شارەكە كردوە كە بەهۆیەوە چەندین خەڵكی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

ئاژانسی هاوار ئاماژە بەوە دەكات كە هێزەكانی یەپەگە‌و یەپەژە بە هاوكاریی هێزەكانی ئاسایش هێرشیان بۆ سەر بنكەكانی رژیمی سوریا دەست پێكردوە.

بەپێی هەواڵەكە بەهۆی شەڕ‌و بۆردومانەكانەوە خەڵكی ئەو ناوچانە بەر هێرشەكە كەوتوون، ماڵەكانیان چۆڵ دەكەن.



PM:03:08:18/08/2016