نەوشیروان مستەفا پێشنیارێکی بارزانی رەتدەكاتەوە
لاهور تاڵەبانی نامەكەی گەیاندوە

پێشنیوەرۆی ئەمرۆ لاهور تاڵەبانی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی سەردانی نەوشیروان مستەفا دەكات‌و نامەیەكی بارزانی پێدەگەیەنێت، ناوەرۆكی نامەكەش لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە رەتدەكرێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی راگەیاند: دوێنێ 20/8، لاهور تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردوە‌و  لەلایەن ناوبراوەوە نامەیەكی زارەكی بۆ رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ناردوە لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم.

هەرچەندە ناوەرۆكی ئەو نامە زارەكییە بەتەواوی ئاشكرا نەبووە، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی سپی، نامەكە باس لەوە دەكات كە پارتی ئامادە نیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بداتەوە بە گۆڕان، هەربۆیە كۆی نامەكە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە ئەمرۆ لەكۆبووەنەكەیدا لەگەڵ لاهور تاڵەبانی، رەتكراوەتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەی نێوان رێكخەری گشتیی بزوتنەوە ی گۆڕان‌و لاهور تاڵەبانیدا باس لە ئاڵوگۆڕی پۆستی هەردوو پارێزگای سلێمانی ‌و هەڵەبجە كراوە‌و نەوشیروان مستەفا جەختی كردوەتەوە كە دەبێت ئەو پۆستانە ئەمرۆ یەكلایی بكرێنەوە.

كاتژمێر 4ی ئەمرۆ پارێزگاری سلێمانی دەست لەكار دەكێشێتەوە‌و پۆستەكەی بەوەكالەت دەدرێت بە سەردار قادر. هاوكات كاتژمێر 6ی ئێوارەش هەڤاڵ ئەبوبەكر خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی.



PM:02:38:21/08/2016