ئاشتی هەورامی چەندین ملیۆن دۆلاری بۆ كارگەیەكی وەهمی تەرخان كردوە

پەرلەمانتارێكی كوردستان هۆكاری داواكردنی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەلایەن دادگای چەمچەماڵەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت "پەیوەندی بە دابینكردنی ملیۆنەها دۆلارەوە هەیە بۆ كارگەیەكی وەهمی كە بوونی نییە".

لەبارەی ئەو پرسەوە كە چەند رۆژێكە باس دەكرێت، شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت "ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەملیۆنەها دۆلاری بۆ كارگەیەكی وەهمی بەناوی كارگەی (قیری زیپۆ) تەرخانكردووە، بەڵام دوای ئەوەی دەركەوت كارگەكە وەهمییە و بوونی نییە، سیناریۆیەكیان دروستكردوە و چەند كەسێكیان بردۆتە كارگەیەك لە كەركوك و ناونیشانی كارگەی (قیری زیپۆ)یان بۆ دروستكردوە و لەلایەن كەناڵێكیشەوە پەخشكراوە و چەند پەرلەمانتارێكیان بردوە بۆ وێنەگرتن لەگەڵ كارگەكە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی زیاتری دادگا لەو كارگەیە، سەلمێنرا كە كارگەی (قیری زیپۆ) وەهمییەو بوونی نییەو ئەو كارەگەیەش كارگەی (قیری زیپۆ) نییەو سیناریۆیە".

شێركۆ جەودەت ئاشكراشیكردوە، لەسەر ئەو دۆسێیە دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئاشتی هەورامی و چەند كارمەندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و چەند كەسێكی دیكەی ناو حكومەت و چەند كۆمپانیایەك دەركردوە، بەڵام زۆربەی كەسەكان چونەتە دەرەوەی وڵات و دەستگیرنەكراون.

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەشداوە، كە دەبێت ئاشتی هەورامی بچێتە بەردەم داگا و لەسەر بەهەدەردانی سەدان ملیۆن دۆلاری هەرێم و ئەو بەڵگانەی لەسەریەتی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.



PM:02:19:09/10/2016