عەلی حەمە ساڵح بۆ هێرۆ ئیبراهیم:
داهاتی مانگانەی سلێمانی ٤٠ ملیۆن دۆلار، چی لێهات

لە بەردەوامی کێشەکانی نێوان پەرلەمانتاری گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵی دەڵێت" من لایەنگری هیچ باڵێکی یەکێتی نیم و فەرموو پێمان بڵێن داهاتی مانگانەی ناوچەکانی سلێمانی ٤٠ ملیۆن دۆلار چی لێدێت؟".

دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر تۆمەتبارکردنی یەکێتی بە دیارنەمانی داهاتی سلێمانی داوای یاسایی لەسەر تۆمارکرا، عەلی حەمە ساڵح نامەیەک ئاراستەی ئەو حیزبەو هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات و دەڵێت"
خەڵك بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە خراپەی ژیانی؛ ئومێدی بەڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی هەبوو، ئەوە پێنج مانگ بەسەر ڕێككەوتنەكەدا تێپەڕدەبێت، خاڵێكی جێبەجێ نەبووەو دۆخی خەڵك خراپتر دەبێت و هێشتا "جێگری سەرۆكی هەرێم"و جێگری سەرۆكی حكومەت پشتیوانی ئەم حكومەتە شكستخواردووەن".

 بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

سكاڵاكەی لەسەر بەندە تۆمارتانكردووە، قبوڵمەو ڕێگای دروست، رۆشتنە بۆ دادگا، بفەرموون بڵێن: داهاتی سلێمانی چۆن و بۆ كێ خەرجدەكرێت؟ 

ناكرێت، بڵێن: بۆ عەلی، باسی پارتی‌و حوكمڕانیەكەی‌و بانكی كوردستان‌و داهاتی نەوت ناكات‌و باسی سلێمانی دەكات. من ساڵێك باسی حوكمڕانی‌و هەڵەكانی هەولێر بكەم؛ ڕۆژێك باسی سلێمانی نەكەم.

ناكرێت كەسێك دۆسێیەیەك هەڵداتەوە، تۆمەتباری بكەن بە لایەنگیری باڵێكی یەكێتی، لەكاتێكدا لای من هیچ جیاوازێك لە هەڵوێستی دوو باڵەكەی یەكێتیدا نییە، بەرامبەر بەم دۆخە. 

ئەگەر تێبینی و رەخنەم لەسەر سیاسەتی گۆڕان و سەركردە باڵاكانی هەبێت، كە خەڵكی پاك و مەبەدەئین و لەپێناوی باوەڕیان؛ پۆست هەموو شتێكیان جێهێشت، دەبێت بكەومە دوای قسەی باڵێكی دیكە، لەحیزبێكی دیكە!

ناكرێت بڵێن بۆ عەلی، لەهەولێر خۆپیشاندان ناكات و لەسلێمانی پشتیوانیەتی، هەر كاتێك ئێوەو گۆڕان ٢٠ كەستان هێنایە سەر شەقام لەهەولێر، من لەگەڵی نەبووم حەقی خۆتانە ئەم قسە بكەن، خەڵك لەهەولێر خۆپیشاندان ناكات، چونكە كەس خۆی ناكات بەخاوەنی، ئایا بە بەتەنیا من؟.

سەرنجەكان...

یەكەم: راستە پارتی بەرپرسی یەكەمە لەم دۆخە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئێوەو گۆڕانن، پارتی بەنەوتی كەركوك و غازو كارەبای چەمچەماڵ، یەكێتی و پۆستەكانی لەحكومەت ئەم دۆخەی خوڵقاندووە، ئێوە رازین و گۆڕانیش بێدەنگە لەهەڵوێستەكانی بەرامبەر ئێوە.
دوو: فەرموون پێمان بڵێن: لەمانگی ٧ی ٢٠١٤ەوە بایی ١١ ملیارو ٥٥٢ ملیۆن دۆلار نەوتی كەركوك فرۆشراوە پارەكەی كوا؟ پارێزگارو جێگری سەرۆكی حكومەت هەڵوێستیان چی بوو؟ چۆن لەگەڵیان چونە توركیاو رازی بوون؟ تەنها لەمانگی پێشوو داهاتی نەوتی كەركوك ٣٦٠ ملیۆن دۆلاربووە.

د.ئاشتی هەورامی، بە بەیانی فەرمی دەڵێت: لەچوارمانگدا ٩٤ ملیۆن دۆلارم داوە بەكەركوك، كە پارێزگاری كەركوك یەكێتییە، ئەم پارە كوا؟ 

سێ: دوو ملیار دۆلار بە داناغاز دۆڕاوین بەهۆی سیاسەتی چەوتی نەوت، چەندینی دیكەش بەڕێوەیە، ئەم دۆڕاندنەش لەسەر كێڵگەی غازی چەمچەماڵە.. چۆن قبوڵتانە!

چوار: دەبوو پێش ئەوەی من بدەنە دادگا، لەسەر دۆسێی بردنە دەرەوەی پارەو دزینی داهاتی نەوت و دامەزراندنی نایاسایی و دەیان دۆسییەی دیكە، كە خۆم بۆم ناردوون، بەرگریتان لەخەڵك بكردایەو رێگای یاسایی و سیاسیتان بگرتایەتەبەر. 

پێنج: روون‌و ئاشكرایە، داهاتی مانگانەی سلێمانی نزیكەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە (چوار هەزار دەفتەر) ناگەڕێتەوە هەولێر (من لەگەڵ ئەوەدام نەگەڕێتەوە بەو پێیەی باوەڕم بەلامەركەزیەتە)، بەڵام چۆن خەرجدەكرێت؟ پێشتر روونكردنەوەم داوەو جەنابیشتان سكاڵاتان تۆماركردووە، زۆر زانیاری دیكەش هەیە.

ئامانجی من ڕێگریكردنە لەهەر بەفێڕۆدان‌و گەندەڵییەك لەخەرجی‌و داهاتی سلێمانیدا هەبێت، ئەگەرنا ویستی هەڵدانەوەی فایل‌و بەڵگەنامەم هەبێت لەسەر زەوی‌و كۆمپانیاو كڕینی موڵك، لەسەر بەرپرسانی هەر دوو باڵ، چەندین فایلم لایەو هیوادارم رانەكێشرێم بۆ شتی دیكە.

ئەوەی جێگای سەرنجە! گۆڕان بێدەنگی لەم دۆسیەی داهاتی سلێمانی دەكات، پارێزگارەكەی گۆڕان بەمن دەڵێت: هیچ ئاگایەكم لە داهاتی سلێمانی نیەو هیچی لای ئێمە نیە، گۆڕان بۆ بێدەنگە!

شەش: خەڵك بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە خراپەی ژیانی؛ ئومێدی بەڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی هەبوو، ئەوە پێنج مانگ بەسەر ڕێككەوتنەكەدا تێپەڕدەبێت، خاڵێكی جێبەجێ نەبووەو دۆخی خەڵك خراپتر دەبێت و هێشتا "جێگری سەرۆكی هەرێم"و جێگری سەرۆكی حكومەت پشتیوانی ئەم حكومەتە شكستخواردووەن، ئەگەر ئەم دۆخە خراپە چوار مانگی دیكە بەردەوام بێت و پەرلەمان دابخرێت و ئێوەش لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت بەردەوام بن و پشتیوانی ئەم حكومەتە ستەمكارەبن، چی بەهایەك بۆ ئەم ڕێككەوتنە هەیە!
كۆتایی..

دەزانم بەهۆی ئامادەنەبوونی باڵێكی دیاریكراو كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەش راگیراوە، بەڵام ئەگەر بڕیاری جدی هەبێت بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە خراپەو چاكسازی، ئەوا ڕێگاكە قورس نیە.. دڵنیابن فشارێكی جدی لەبزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە بۆ كشانەوە لەحكومەت‌و وەرگرتنی هەڵوێست‌و كۆتایی هێنان بەڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی، بەهیوام ئێوەش بەرنامەی خۆتان رونبكەنەوە..

تێبینی: هەرچەندە ئەمڕۆ دەزگاكانی راگەیاندن زۆر داوایانكرد قسە لەسەر ئەم پرسە بكەم، بەڵام بۆ ئەوەی لێكدانەوەی سیاسی نەكرێت و خەڵكی دیكە خراپ بەكاری نەهێنێت، قسەم نەكردو داوای لێبوردن لەدەزگاكانی راگەیاندن دەكەم.

عەلی حەمە ساڵح



PM:12:30:11/10/2016