هەولێر.. ژنێکی مێرددار: لەگەڵ برای دەستەخوشکەکەمدا پەیوەندیم بەست

رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌ری توندوتیژی خێزنی له‌ هه‌ولێر چیرۆکی ئافرەتێکی تەمەن ٣٠ ساڵی مێرددار دەگێڕێتەوە کە کەوتووەتە خۆشەویستی لەگەڵ برای دەستەخوشکێکیدا

لە میانی وتارێکیدا رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌ری توندوتیژی خێزنی له‌ هه‌ولێر نوسیویەتی "ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵ، كە ماوەی چوار ساڵ بوو شووی كردبوو، شووكردنەكەی بە رەزامەندیی خۆی بووە بەبێ‌ ئەوەی كەس زۆری لێ بكات، بەڵام ئەو بە كێشەیەك رووی تێكردین ئەو ئافرەتە كێشەكەی خۆی لە سەنتەری راوێژكاری باسكرد و گوتی "من لە هیچ شتێكم كەم نییە، ئۆتۆمبێلم هەیە، ماڵی خۆمم هەیە، زێڕم هەیە، تەنیا لە سۆزم كەمە. هەرچەندە سەرەتای هاوسەرگیریمان بێ گیروگرفت بوو. ژیانم خۆش بوو. رێز و سۆز لە نێوانماندا هەبوو، بەڵام ئەوە تەنیا دوو ساڵی خایاند، رۆژ بە رۆژ ئەم خۆشەویستییە لە كورتیی دا. مێردەكەم بەنێوی بازرگانییەوە زوو زوو جێیدەهێشتم، بۆشاییەكی گەورەی بۆ دروستكردبووم، بۆیە پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ برای دەستە خوشكێكم دانا، هەرچی كەموكوڕی لە ژیانی مندا هەبوو ئەو كوڕە پڕی كردەوە لەڕووی سۆز و خۆشەویستی، من دەزانم ئەوە كارێكی خراپە، بەڵام تازە كار لەكار ترازاوە، هۆكارەكەش هاوژینەكەم بوو كە وای كرد بەو رۆژگارە بگەم"

هەروەها ڕائید ژیلەمۆ نوسیویەتی "ئافرەتەكە درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی "ئەو كوڕە چەندین جارە داوام لێدەكات لە مێردەكەم جیاببمەوە، بۆ ئەوەی بمخوازێت، چونكە دەزانم ئەو كوڕە زیاد لە پێویست هۆگری من بووە، بەڵام هیچ سنوورێكمان نەبەزاندووە و تەنیا دەچمە ماڵی هاوڕێیەكەم و لەوێ‌ یەكدی دەبینین، بە تەلەفۆنیش قسە لەگەڵ یەكدی دەكەین. تا مێردەكەم ئیهمالم بكات، من زیاتر دڵم بەو كوڕە دەكرێتەوە""

ناوبراو باس لەوە دەکات ئەو ژنە بۆئەوە سەردانی کردبوون تا ڕاوێژی بدەنێ چۆن لە مێردەکەی جیاببێتەوە و نوسیویەتی "ئامانجی ئەو ژنە لە سەردانەكەی ئەوە بوو كە راوێژمان پێ بكات، چۆن لە مێردەكەی جیاببێتەوە، چونكە ئەو پێشتر بە ماڵی باوكی راگەیاندبوو كە دەیەوێ‌ لە هاوژینەكەی جیاببێتەوە، بەڵام ئەوان رێگەیان نەدابوو بە بیانووی ئەوەی منداڵی هەیە. ئەو ژنە بە هاوژینەكەشی گوتبوو ئەگەر لەوە زیاتر پشتگوێی بخات لێی جیادەبێتەوە، بەڵام هاوژینەكەی بێمنەتیی نیشاندابوو".

لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت "لە سەنتەری راوێژكاریی خێزانی ئامۆژگاری ژنەكە كرا كە بە زووترین كات لە هاوژینەكەی جیاببێتەوە، مادام تۆ دڵت لەسەر هاوژینەكەت نییە و ئەویش لێت بێمنەتە. بەر لەوەی هاوژینەكەشت بە پەیوەندییەكەت بزانێ‌ لەگەڵ ئەو كوڕە، باشترە جیاببنەوە. مادام كوڕەكەش ئامادەیە بتخوازێ، ئەگەر ئەو پەیوەندییە ئاشكرا ببێ‌، ئەوا هاوژینی ئەو ئافرەتە دەتوانێت بە تۆمەتی ناپاكیی هاوژینی سكاڵا لەسەر ئافرەتەكە و ئەو كوڕەش تۆمار بكات كە پەیوەندی لەگەڵی هەیە. ئەو ژنە ترسی لەوەش هەبوو كە پەیوەندییەكەی لە قسەكردنەوە ببێتە پەیوەندییەكی ناشەرعی كە ئەوەش سزاكەی قورسە و بەپێی ماددە 377 لە یاسای سزادانی عێراقی "ئافرەتی زیناكەر و ئەو كەسەی زینای لەگەڵ كردووە بەند دەكرێن

PM:07:20:14/10/2016