پەیامێك لەبارزانییەوە بۆ رای گشتی

مەسعود بارزانی لەپەیامێكدا بۆ رای گشتی ئەولەویەتیەكانی سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ ئاشكرا دەكات.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەیەكی درێژە لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دەكرێت و، تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی موسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.

بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك ڕابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە.

لەو رێككەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و، پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دووپات دەكەینەوە.

هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش. هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی موسڵ.

ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری موسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی موسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.
مسعود بارزانی
15ـی 10ـی 2016



PM:02:21:15/10/2016