وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: داعش جەنگاوەر دەهێنێتە نێو موسڵەوە

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا  رایگەیاند" ''رێکخراوەکە بەمەبەستی پارێزگارییکردن لە هێزی خۆی، بەردەوامە لە هێنانی جەنگاوەر لەدەرەوەی مووسڵەوە بۆ ناوەندی شارەکە''.

نەقیب جێف دەیڤس وتەبێژی وەزارەتی بەرگری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا وتی "'داعش بەردەوامە لە هێنانی جەنگاوەر لەدەرەوەی مووسڵەوە بۆ ناوەندی شارەکە'' و ئەو کەسانەش لە بنەڕەتدا کەسانی چەکدار نیین و لەلایەن رێکخراوەکەوە چەکیان دراوەتێ و ئەرکیان پێ سپێردراوە.

سەبارەت بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکووک دەیڤس ئاماژەی بەوەکرد ئەوە جۆرێکە لە تاکتیکی ''درەنگ خستن'' و ''سەرلێشێواندن'' و ''رێکخراوەکە دەیەوێت لەم رێگەیەوە سەرنجی هێزەکان لەسەر ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ پەرش و بڵاوبکاتەوە''.
وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا شارۆچکەی روتبەی سەر بە پارێزگای ئەنبار لەدەستی داعش دەرهێنراوە، بەڵام هێشتا پێکدادانەکان لەدەورووبەری شنگال بەردەوامە.

باسی لەوەشکرد پێکدادان لە شارەدێی بەرتللە لە خۆرهەڵاتی مووسڵ درێژەی هەیە و شارەدێکە لەماوەیەکی کورتدا لەچەکدارانی داعش پاکدەکرێتەوە.

نەقیب جێف دەیڤس ئاشکراشیکرد شارەدێی باشیکەی باکووری خۆرهەڵاتی مووسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراوەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەچەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاکبکرێتەوە، بەردەوامە.



PM:12:44:25/10/2016