مەلا بەختیار‌و شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانی ئێران دەکەن

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی كوردستان سەر بە باڵی هێرۆ ئیبراهیم بۆ گفتوگۆکردن لە سەر چەند پرسێک، دەگەنە تارانی پایتەختی ئێران.   

ماڵپەڕی پییوکەی میدیا بڵاویکردەوە، "شاندە باڵاكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری‌ و بە   ئەندامێتی عومەر فەتاح كارگێر و سەعدی ئەحمەد پیرەلێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكان ‌و  خەسرەو گوڵ محمەد ئەندامی سەركردایەتی ‌و  بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم ‌و  باڤێڵ تاڵەبانی لێپرسراوی كاروباری دژایەتی تێرۆر ، یاسین سابیر لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئێران".

ماڵپەڕی پییوکەی  ئەوەشی نوسیوە "سه‌ردانی شاندە باڵاكه‌ی ی.ن.ك بۆ تارانی پایته‌ختی چوار رۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌دیداره‌كاندا باس له‌دۆخی شه‌ڕی داعش و دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش و چۆنێتی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی و هه‌رێم و قه‌یرانی دارایی و ئابوری و دۆخی ناوچه‌كه‌و ئه‌گه‌ره‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامی ئێران باس ده‌كه‌ن".

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم شاندەی یەکێـتی سەرجەمیان سەر بە باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە پێشتریش شاندێکی یەکێتی سەردانی ئێرانی کرد کە پێکهاتبوون لە بەرهەم ساڵح و ئەرسەلان بایز و عەدنانی حەمەی مینا  کە سەرجەمیان  لە باڵی ناوەندی بڕیاربوون.



PM:03:17:30/10/2016