وەزارەتی كارەبا خشتەی مانگی 11ی راگەیاند

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات "پێدانی كارەبای نیشتمانی لە مانگی 11 دا گۆڕانكارییەكی وەهای بەسەردا نایەت، ئەگەر كێشەی لابەلامان بۆ دروست نەبێت، 22 كاژێر كارەبا دەدەینە هاونیشتمانیان".

حەمەئەمین هەورامانی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند: لەم وەرزەدا بەرزترین خواست ‌و بەرهەمهێنانی كارەبا بەشێوەیەكی باش لەیەك نزیكبوونەتەوە، بەجۆرێك تەنیا 150مێگاوات جیاوازیان هەیە، ئەو گوتی "بەرزترین خواستی كارەبا لەم كاتەدا 3000 مێگاواتە، بەرهەمهێنانی كارەباش 2850مێگاواتە، ئەوەش بووەتە هۆی باشبوونی كارەبای نیشتمانی".

حەمەئەمین هەورامانی بەپێویستی زانی ئەگەر بە نرخی بازرگانیش بێت نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەش بكرێت، لەپێناو ئەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەشێوەیەك بەرزنەبێتەوە، ئەوان ناچار بكات پێدانی كارەبا كەمبكەنەوە.

گوتیشی "پارێزگاكان بەڵێنێكی وایان هەیە، نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەش بكەن، ئەگەر بە نرخێكی بازرگانیش بێت، بەڵام بەو نرخە نەبێت، كە لە بازاڕی رەشدا هەیە".



PM:02:29:01/11/2016