لایەنە سیاسییەکانی هەرێم كۆدەبنەوە

داوا دەكرێ‌ سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی ئاشتەوایی نیشتیمانی لەرۆژی ئاڵای كوردستان ئەنجام بدەن و كۆبونەوەكەش بەسەرپەرشتی  (مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نەوشێروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆسرەت رەسول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی).

كارۆخ خۆشناو شارەزا لەكاروباری ئەمەریكا لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕووبەرووی چەندین قۆناغی هەستیار و چارەنوسساز بۆتەوە، كەچی پەرتەوازەی هەیە لەنێوماڵی كورد و كورد لەباشوری كوردستان ئامادەنیە بۆ قۆناغی سەركردایەتی دۆنالد ترەمپ لەساڵی ئایندە و قۆناغی دوای داعش.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، پێشنیار دەكەم وەك پرۆژەیەكی ئاشتەوایی نیشتیمانی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و پێنچ لایەنەكە لە رێكەوتنی 17/12/2016 كۆبونەوەیەكی نیشتیمانی رێكبخرێ‌ لەكاتژمێر 11 لەناو پەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتی  (مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نەوشێروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆسرەت رەسول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی).

كارۆخ خۆشناو داواش دەكات ناوەۆكی كۆبونەوەكە بریتی بێت لە چەند خاڵێك ئەویش پێداچونەوە بەسێكتەری ئابوری و چارەسەری موچەی فەرمانبەران، خاڵی دووەم دیاری كردنی رۆژێك بۆ ریفراندۆم و رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنەكان رێكبكەون لەسەر بەردەوام بوونی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنی داهاتوو، لەهەمان كاتیشدا پەرلەمانی كوردستان بەگەڕبخرێتەوە و وەزیرەكانیش دەست بەكارببنەوە، لیژنەی نوسیەوەی دەستوریش بەكاربخرێتەوە و ئامادەبكرێ‌ بەرلەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەم پرۆژە ئاشتەواییەش پێویستە شەڕی راگەیاندن رابگیرێت لەنێوان لایەنە سیاسیەكان، بۆ ئەوەی لەداهاتوو و لەم گۆرانكاریە ناوچەییانە گەلی كوردیش بەخەونی خۆی بگات.



PM:02:40:22/11/2016