مامۆستایانی ناڕزای: بایکۆتکردن بەردەوامە

مامۆستایان ناڕازی بەپێدانی بڕی ١٥٠ هەزار دینار بۆ دەرەوەی شارو ١٠٠ هەزار دینار بۆ ناوشار رازی نیین و، لە بەیانێکدا بەردەوامی خۆیان لەسەر بایکۆتکردنی دووپاتکردەوە.

لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا مامۆستایانی ناڕازی داوا دەکەن " داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین، رۆژی 1ی 12 بۆ کارەبا، نەوت، خوێندن و چارەنووسی منداڵەکانتان بڕژێنە سەر شەقامەکان تا بەشێوەیەکی مەدەنیانە و یاساییانە و دوور لە تووندوتیژی فشارەکانمان بۆ سەر دەسەڵات درێژە پێبدەین، کەواتە بایکۆت بەردەوامە".

دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان
مامۆستایان فەرمانبەران
سەرجەم مووچەخۆرانی بەشخوار

ماوەی دوو مانگە مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشێکی زۆر لە مووچەخۆرانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، لە شەقامەکاندا بە رێگەی یاسایی و مەدەنیانە داوای گێڕانەوەی قوتی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا ناچارکراون پەنا بۆ بایکۆتی وانە وتنەوە و خۆپێشاندانی جەماوەری ببنەوە، کە دواینیان گەیاندنی یاداشتی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بوو بۆ هەریەکە لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام دەسەڵات بەو پەڕی بێباکی خۆیەوە بەرامبەر چارەنووسی  700 هەزار خوێندکاری ئەم دەڤەرەو نزیکەی 50 هەزار مامۆستا، بە هیچ جۆرێک ئامادەی گوێگرتن و پێشوازیکردنی داواکارییەکان نەبوون.

لە ماوەی یەک دوو رۆژی رابردووشدا، پاش دەستپێکردنی هەوڵەکانی بەڕێز سەردار قادر پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ناچارکردنی هەریەکە لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی و وەزیری پەروەردە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکان، تا ئێستا ئەوەی لەلایەن دانی پێدانراوە، دابینکردنی بڕێکی کەمە بەناوی هاندان بۆ مامۆستایان، کە ئێمە سەرەڕای دەستخۆشیمان بۆ هەردوو لایەن، سەرلەبەری رەتدەکەینەوە، لەبەر ئەوەی:

1. ئێمەی مامۆستایان و مووچەخۆری حکومەتین، بەوپەڕی بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە لەگەڵ  پێشەکەماندا دەکەین، بە جۆرێک کە هاندانی حکومەت بە پێویست نازانین، بەڵکو پێویستە لەبەرامبەر ماندووبوون و وانەوتنەوەی خۆماندا مووچەی یاساییمان بۆ دابین بکرێت.

2. سەرەڕای رەتکردنەوەی هەر بڕە پارەیەک لە دەرەوەی مووچەی یاسایی خۆمان، ئێمە متمانەمان بە هیچ بەڵێنێکی حکومەت بۆ زیادکردنی مووچە نەماوە، بۆ ئەمەش نموونەی کارمەندانی تەندروستی و مەرزی پەروێزخان و بەڵێنی گەڕانەوەی نیوە مووچەی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2015مان لەبەر دەستدایە، کە تەنها یەک مانگ بڕە پارکە زیادکراوە بۆ فەرمانبەرانی مەرزی پەروێزخان لەگەڵ فەرمانبەرانی تەندروستی، تا ئێستا ئەوان بڕێکی تریان وەرنەگرتووە بێجگە لەو مانەگە.

3. لە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژەی رابردوودا دەرکەوت تا ئێستا لایەنی دەسەڵات بە هیچ جۆرێک ناچێتە ژێر باری ئەو بەڵێنەی روبعە مووچەش، کە 30 رۆژ جارێک لەکاتی خۆیدا دابینی دەکات، چ جای بەڵێنی زیادکردنی مووچە.

4. تەواوی ئەو هەوڵانە رەتدەکەینەوە کە توێژی مامۆستایانی پەروەردە لە مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان و سەرجەم چین و توێژەکانی مووچەخۆرانی تر جیا بکاتەوە.

5. لە ئەگەری لاوازی حکومەتی هەرێم و نائومێدبوونمان لە پەرلەمانی عێراق، تەواوی مافەکانمان لە داهاتی پارێزگای سلێمانی داوا دەکەین و فشارە مەدەنییەکانمان لەو چوارچێوەیەدا چڕ دەکەینەوە.

لە کۆتاییدا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم چین و توێژەکان رادەگەیێنین، ئەمە مامەڵەی دەسەڵاتە لەگەڵ توێژێکی گرنگی وەک مامۆستایان و فەرمانبەران.

لێرەوە چارەنووسی خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایانی ئەم دەڤەرە دەخەینە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتە بێباکەو لای خۆمانەوە شکاندنی بایکۆت بە هەموو جۆرێک رەتدەکەینەوە.

داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین، رۆژی 1ی 12 بۆ کارەبا، نەوت، خوێندن و چارەنووسی منداڵەکانتان بڕژێنە سەر شەقامەکان تا بەشێوەیەکی مەدەنیانە و یاساییانە و دوور لە تووندوتیژی فشارەکانمان بۆ سەر دەسەڵات درێژە پێبدەین، کەواتە بایکۆت بەردەوامە.

سەرکەوتن بۆ شۆڕشی سپی مامۆستایان و فەرمانبەران
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی
26-11-2016


PM:11:02:26/11/2016