سەرۆکی پەرلەمان: ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵ تیرۆر هەیە


 سەرۆکی پەرلەمان، د.یوسف محەمەد لە پێشوازی ژان ژاک بریدێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سۆشیالیستی فەڕەنسا و دومینیک ماس کونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان. بارودۆخی هەرێمی کوردستان و شەڕی تیرۆر و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە کۆبونەوەکەدا نوێنەری فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان ئامادەبوون. سەرۆکی پەرلەمان، لەبارەی بارودۆخی هەرێم و ناوچەکە، وتی" ئێستا بەدەر لە کۆمەڵێک قەیرانی کەڵەکە بوو لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی شەڕی تیرۆر و ئازادکردنی موسڵەوە،ناوچەکەمان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. هیودارین دوای ئازادکردنی موسڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنمان. بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە دەستی تیرۆر. چونکە ئەزموونێکی ناخۆشمان لەگەڵ تیرۆر هەیە.

پەرلەمانتارەکەی فەڕەنسا وتی "لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان و پەکخستنی دەزگایەکی گرنگی وەک پەرلەمان نیگەرانین و هیوادارین ئەم بارودۆخە بە ڕێگە چارەی دیموکراتی زوو کۆتایی بێت."

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی " پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە بۆ ئێمە گرنگە. پێویستە هەمو لایەنەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و ڕێز لە جیاوازی یەکتر بگرن. پاراستنی دیموکراتی لەناوچەکە هەمو لایەک بە سەرکەوتن دەگەیەنێت."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان و ئەو پەرلەمانتارە،لۆگۆی تایبەتی هەردوو پەرلەمانیان،بەیەکتری بەخشی.وەک ئاماژەیەک بۆ درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمان.


PM:02:53:29/11/2016