لە بەغدا تەقە کەوتە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکەوە

لە بەغدا پارتی پرۆژە نوێیەكەی یەكێتی لەبارەی رێككەوتنی نەوتی هەولێر و بەغدا رەتدەكاتەوە و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیو دەڵێت "بەشێک لە یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێ‌ نەوتی كەركووك وەكو هێلكەی سپی كراو بدەنە مالیكی".

تارق گەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەو پرۆژەیەمان رەتكردووەتەوە چونكە هەندێك پەرلەمانتاری یەكێتی و گۆڕان دەیانەوێ‌ كەركووك و نەوتەكەی وەكو هێلكەیەكی سپی كراوە رادەستی مالیكی بكەن، ئەو هەموو خوێن و قوربانیدانەی پێشمەرگە لە كەركووك بە فیڕۆ بدەن". ( بەمەش یەکڕیزی فراکسیۆنە کوردیەکان جارێکی تر دوو لەتبوەوە).
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پرۆژەكەی یەكێتی بە دەرچوون لە كۆدەنگی فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەسف دەكات و دەڵێت‌: "ئەو پرۆژەیە سەرناگرێت".

تارق گەردی  بەو ماڵپەڕەی وتووە" مەكتەبی سیاسی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە ئاگاداری ئەو پرۆژەیە نین، رێككەوتنی نەوتی نوێی‌ هەولێر و بەغدا پێویستی بە بڕیاری سیاسی و دانوستاندن هەیە، ئەو کاری پەرلەمان نییە و بە پەرلەمانتاریش ناكرێت".

بەپێی پڕۆژەکەی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، حكومەتی هەرێمی كوردستان  پابەند دەبێت بە رادەستكردنی بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت كە 300 هەزاری نەوتی كەركووكە و 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستانیش بە كۆمپانیای سۆمۆ ، لە بەرامبەردا بەغدا بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بنێرێت".

هاوکات لە حاڵەتی پابەندنەبوونی هەر لایەنێک پە ناببرێتە بەر دادگای فیدراڵی. 



PM:09:45:30/11/2016