لەسەر پشکی کورد لە بودجەی عێراق
یەکێتی‌و یەکگرتو‌و کۆمەڵ دژی پەرلەمانتارەکانیانن لەبەغدا

وەزیری حیزبە بەشداربووەکانی حکومەتی هەرێم، یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ دەچنە پاڵ پارتی و دژی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەوەستنەوە کە لەلایەن ئەوان و گۆڕانەوە لە یاسای بودجەدا جێگیرکرا.

دوایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢/١٤ لە هەولێر سازکرا، راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوەو تیایدا هاتووە" له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان وه‌زیرانی حزبه‌ به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، یه‌گكرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان نیگه‌رانی و ناڕەزاییی خۆیان له‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی عیراق ده‌ربڕی و هه‌موویان دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌".

وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە" ڕابه‌ر سدیق بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكی ده‌ر‌باره‌ی كه‌موكوڕی و خاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانی یاسای بودجه‌ی گشتیی عیراقی فیدرالبۆ ساڵی 2017 خسته‌ ڕوو كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌.هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بودجانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراون‌، هه‌میشه‌ كه‌موكورتی تیادا بووه‌ و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق هه‌میشه‌ به‌ ویستی خۆی و بۆ مه‌رامی سیاسی ده‌ستكاریی یاساكانی تایبه‌ت به‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، مانگانه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار بۆ كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و كاره‌با خه‌رج كردووه"‌.

نوێنەری یەکێتی لە حکومەت کە لە جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانیدا خۆی دەبینێتەوە دژی پرۆژەکەی حیزبەکەی و سێ حیزبەکەی تر دەوەستێتەوە کە لەپەرلەمانی عێراق شەڕیان لەسەر کردو، بەپێی راگەیاندراوەکەی حکومەتی هەرێم" قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌ یاساكه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ كۆبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌نجام بدرێت و تێبینییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ی گشتیی بۆ ڕوون بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت".
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە" ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی تێبینییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ی گشتیی عیراقی فیدرال بۆ ساڵی 2017، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراقی فیدرال كۆببێته‌وه"‌.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بەبێ پارتی لە بەغدا پرۆژەیەکیان لەسەر نەوتی کەرکوک و نەوتی هەرێم پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کردو بەهەوڵێکی زۆر لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٧ جێگیرکراو، بەدەستکەوتێک ناوزەد کرا، بەڵام هەر ئەمڕۆ نوێنەرانی هەمان ئەو حیزبانە لە حکومەتی هەرێم دژی وەستانەوە. 


 



PM:07:18:14/12/2016