دوا زانیاری لەسەر دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا

 لەقەزاو ناحیەکانی ناوچە شاخاویەکانی دەڤەری هەولێر نەوت دابەشکردن بەردەوامەو، بەپرسێکیش دەڵێت" چەند نەوت لەبەغداوە بێت دابەشی دەکەین".

مستەفا تەها بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند" بەپێی ئەو بڕە نەوتەی بۆمان هاتووە، ئێستە نەوت لە سیدەكان و چۆمان و قەسرێ و مێرگەسۆر و بارزان و خەلیفان دابەش كراوە و گەیشتووەتە ناو سۆران، هەرچەند بڕی نەوتی زیاترمان لە بەغداوە بۆ بێت، ئێمەش بەسەر خەڵكی دابەشی دەكەین".

ئەو بەرپرسە دەڵێت" لە ناوچە سارد و شاخاوییەكان دەستمان پێ كرد و وردە وردە بەرەو ناوەوەی هەولێر بەرمیلێك نەوتی سپی بەسەر هەر خێزانێك دابەش دەكەین".

مستەفا تەها لەسەر بڕی ئەو نەوتەی لەبەغداوە بۆ هەولێر نێردراوە، دەڵێت" تا ئێستە نۆ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەولێر هاتووە و بەهۆی پشووەكان و بۆنە ئاینییەكان، جار وایە دووسێ رۆژ جارێك نەوتمان بۆ دێ و جاری واش هەیە 10 رۆژ دەخایەنێت، هەر جارێكیش 150 تا 180 هەزار لیتر نەوتمان بۆ دێ كە دەكاتە سێ تا چوار تانكەر".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر ئاشکرای کرد "ئەگەر خانەوادەیەك بەرمیلێك نەوت بەسەر خانەوادەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەش بكەین، بڕی 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان پێویستە".



PM:12:40:26/12/2016