مامۆستا بەهادین نوری دەڵێت: بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم جەلالی سام ئاغا کەسایەتیەکی شیاوە و ڕاشیگەیاند ئەو ئەرکە بە کەسێک دەکرێت لە گرێی فکری نەتەوەییی قوتاری بوبێت و کەسایەتیەکی نیشتیمانی و دیموکراتی لێبڕاڵ و دەستپاک بێت .
ئەو بۆچونانە لە میانی سەردانێکدا هات کە جەلالی سام ئاغا کەسایەتی ناسراوی کوردستان و پەرلەمانتار هۆشیار عەبدوڵا ، بۆ ماڵی ماموستا بەهادین نوری تێکۆشەر وکەسایەتی سیاسی لە گەڕەکی سابونکەران ، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ئەنجامیاندا .
لەو سەردانەدا کە ئامانج لێی هەواڵپرسین بوو لە تەندروستی مامۆستا بەهادین نوری ، کۆمەڵێک باس و خواسی سیاسی ڕۆژ گفتوگۆ کران .
مامۆستا بەهادین نوری ، ڕایگەیاند لە دڵەوە خۆشحاڵبووم بەوەی کە بیستم یەکێک لەو ناوانەی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم باسیان لێوەدەکرێت جەلالی سام ئاغایە و وتی حەزم کرد چاوم بە جەنابتان بکەوێت و ڕاستەوخۆ داواتان لێبکەم کە ئەرکێکی لەو شێوەیە ڕەتنەکەنەوە چونکە ئێوە کەسێکی شیاون و دەتوانن کاریگەریتان هەبێت و گۆڕانکاری بکەن .
هەروەک وتی ، ئەو ئەرکە بە کەسێک ئەکرێ لە گرێی فکری نەتەوەیی ڕزگاری بوبیت و کەسێکی نیشتیمانی و لیبڕاڵ و دیموکرات و دەستپاک و ئەمین بێت .
لە بەرامبەردا جەلالی سام ئاغا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ داواکاری و هەڵسەنگاندنەکەی مامۆستا بەهادین نوری ، بێنیازی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆست و پایە ڕونکردەوە .
جەلالی سام ئاغا ڕایگەیاند بە داخەوەی گەندەڵی و دزی و دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی تایبەتی و گشتی و خراپی ئیدارەدان لە هەرێمی کوردستاندا کە زۆرینەی بەرپرسان هەموو حەرامێکیان بۆ خۆیان حەڵاڵکردوە بە شێوەیەک ڕەگی داکوتیوە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت و ڕێگری زۆریش لە هەر هەوڵێک دەکرێت کە ئامانجی بە دامەزراوەییکردن و دژایەتی گەندەڵی و سەروەرکردنی حوکمی قانون بێت ، هەر لەو دیدارەدا بە وردی دۆخی خراپی کوردستانییان لە ڕوی سیاسی و ئابوری و ئیداریەوە گفتوگۆکرد.