بەپەلە..خۆشترین هەواڵ بۆ خەڵکی کوردستان

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان دەڵێت، گەر نرخی نەوت بەرزیش نەبێتەوە ئەمساڵ هەر دەستکاری پاشکەوتی موچە دەکرێت و ڕێژەکەشی ئاشکرا دەکات و وەزیرێکی حکومەتیش مژدەی کۆتایی هاتنی پاشەکەوتی موچە دەدەدات.

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كودستان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە "بەپێی ئامارە بەردەستەكانی نرخی نەوت، ئەگەر نرخەكەش بەمشێوەیە بمێنێتەوە و دانەبەزێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە دەتوانێ‌ بەڕێژی 66% مووچە بەبێ‌ پاشەكەوت دابین بكات".


ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت "بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت، نەوتی كوردستان 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێ‌، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت لە مانگی 12 بە 54.7$ فرۆشراوە، واتە بەرمیلێك نەوتی كوردستان بە 44.7$ فرۆشراوە، ئەگەر لەمانگی 12ی 2016، حكومەتی هەرێمی كوردستان 18ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتبێت، كۆی پارەكەی دەكاتە 804 ملیۆن ‌و 600 هەزار دۆلار".

ڕوونیشیکردووەتەوە، لەو بڕە پارەیە 195ملیۆن دۆلاری بۆ دانەوەی قەرز دەڕوات، 94 ملیۆن دۆلار بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكان ‌و 25 ملیۆن دۆلاریش بۆ حەقدەستی بانكی ‌و گۆڕینەوەی پارەكە دەڕوات، كۆی گشتی پارەی ماوەش دەكاتە 490 ملیۆن دۆلار، كۆی پارەی مووچەی مانگانە لە هەرێمی كوردستان 740 ملیۆن دۆلار دەكات، بەو جۆرە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت‌ 66% ی پارەی مووچەخۆر و فەرمانبەران دابین بكات.

دڵشاد شەعبان ئاماژە بەوەشدەکات "ئەگەر نرخی نەوت وەك ئێستا بمێنێ‌، بەڕێژەیەك دەستكاری پاشكەوتی مووچەی دەكرێت ئەگەر نرخی نەوت زۆرتریش بەرزبێتەوە وەك پێشبینی دەكرێت، حكومەت دەتوانێ رێژەكە لە 66% ەوە بەرز بكاتەوە".
غازی سەعید وەزیری ھەرێم و ئەندامی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لەئەنجومەنی وەزیران، بە SNNی راگەیاندووە یەکێک لەئامانجەکانی حکومەتی ھەرێم نەھێشتنی پاشەکەوتی موچەیە بەزووترین کات، چونکە ھەمووی قەرزە لەسەر حکومەت و بووەتە بارقورسیی.

هەروەها وتوشییەتی "ئەگەر نرخی نەوت لەمساڵدا بە (٦٠) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک پەسەند بێت، ھەروەھا سیستمی بایۆمەتریی موچە تەواوبێت و شەڕی داعشیش کۆتایی پێبێت، ئەوکاتە رەنگە بارودۆخی ئابووری ھەرێم باشتر دەبێت و بتوانین دەستکاری پاشەکەوتی موچە بکەین".

غازی سەعید دەڵێت: "بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچەکە کە زۆرجار باسمان کردووە، بڕیارێکی ناچارییە، پێداچوونەوە بەو پاشەکەوتەدا پەیوەستە بەداھاتی حکومەتەوە".

جەختیشیکردووەتەوە "تائێستا ئەم باسە نەکراوە، ئەگەر باسکرا بەگوێرەی داھاتی حکومەت ھەوڵدەدەین پاشەکەوت بەیەکجاری نەمێنێت".


بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی ساڵێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە دەكات، بڕی مووچەی پاشەكەوتكراوش لەنێوان 25% بۆ 75%ە.



PM:07:26:08/01/2017