وێنە.. سەركردە‌و دامەزرێنەری یەكێك لەحیزبەكانی هەرێم كۆچی دوایی كرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد عەبدوڵا ناسراو بە (محەمەد ڕازی) دامەزرێنەر‌و سەركردەی دیاری بزوتنەوەی ئیسلامی بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

رێبوار حەمەد، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بە دواڕۆژی وت "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی مامۆستا محەمەد عەبدوڵا ناسراو بە (محەمەد ڕازی) كۆچی دوایكرد".

وتیشی "مامۆستا محەمەد دەستەی دامەزرێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی بووە و لەناو ئەو حزبە ئەندامی سەركردایەتی بووە، دواین پلەشی لەناو كۆمەڵی ئیسلامی ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی و بەدواداچوون بووە".

ئاماژەی بەوەشدا "مامۆستا بەردەوام لەكاردا بووە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و یەكێك بوو لە سەركردە دیارەكانمان، یەكێكیش بوو لەو زانایانەی شارەزاییەكی زۆری لەسەر زانستە شەرعییەكان هەبوو".

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، باسی لەوەشكرد "مامۆستا كەسایەتییەكی زۆر نزیك بوو لە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی".

محەمەد ڕازی لەدایكبووی ساڵی (1959)یە و چەند ساڵێكە بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیووە وەك پێویست كاری سیاسی بكات، پێشتر لە دەزگای پێشمەرگە دێرینەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بووە.



PM:12:47:17/01/2017