ژنێک لە هەولێر: دوای چوار مانگ زانیم مێردەکەم پەیوەندی لەگەڵ ئەم کەسەدا هەیە

ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان، لە وتاری ئەمجارەیدا باس لە پیاوێک دەکات کە ئەگەرچی لە هاوسەری یەکەمی جیابووەتەوە و هاوسەرگیری دووەمی کردووە بەڵام دڵی بۆ هاوسەری یەکەمی لێیداوە..

ژیلەمۆ لە وتارێکیدا بۆ ڕووداو نوسیویەتی " ئافرەتێك ماوەی چوار مانگ بوو شووی كردبوو، لەو ماوە كورتەدا هەستی كردبوو مێردەكەی پەیوەندی لەگەڵ ژنە تەڵاقدراوەكەی پێشووی ماوە، ئەو دەیویست تێبگات كە هاوژینەكەی مەرامی چییە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەكەی لەگەڵ ژنە كۆنەكەی، لە كاتێكدا بە رەزامەندی خۆی هاتووەتە خوازبێنیی ئەو، ئەو ئافرەتە باسی چۆنیەتی ناسینی هاوژینەكەی كرد و گوتی كۆنە دراوسێیەكمان سەردانی كردین و باسی كوڕەكەی خۆی كرد كە ژنی هێناوە و تەڵاقی داوە، كاتی خۆی زۆریان لەگەڵ كوڕەكەی گوتووە كە ئەو ژنە بە كەڵكی تۆ نایەت، بەڵام ئەو زۆری خۆشویستووە و سوور بووە لەسەر ئەوەی بیخوازێ‌، كاتێكیش كچەكەیان گواستووەتەوە، بەردەوام شەڕی پێ فرۆشتوون و داوای لێكردوون ماڵی جیای بۆ دابنێن. بەڵام ئەوان رازی نەبوونە كوڕەكەیان ماڵی خۆی دابنێ‌، هەر بەو هۆیەش ئافرەتەكە داوای تەڵاقی كردووە و جیابووەتەوە..".

هەروەها نوسیویەتی " كۆنە دراوسێیەكەی ماڵی ئەو ئافرەتە هاتووەتە سەر ئەسڵی مەبەستەكەی و پێیگوتوون، هەرچەندە كوڕەكەی حەز ناكات جارێكی دیكە ژن بهێنێتەوە، بەڵام ئەگەر كچەكەی ئێوە رازی بێ‌ شوو بە كوڕەكەی بكات، قەناعەت بە كوڕەكەی دێنێ‌ ماڵی بۆ دابنێ، ئەو ئافرەتە كوڕەكە دەبینێ‌ و قسەی دڵی خۆیان بۆ یەكدی دەكەن، هەردوولا بە یەكدی رازی دەبن. ئافرەتەكە دەگوازرێتەوە و ماڵی جیای بۆ دادەنرێ‌، بەڵام هەر زوو ئافرەتەكە دەكەوێتە گومانكردن لە هاوژینەكەی و دواتر بۆی دەردەكەوێ‌ كە ئەو پیاوە هێشتا پەیوەندیی لەگەڵ هاوژینی پێشوویدا ماوە..

ئەو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە " ئافرەتەكە لە بارەی ئەو پەیوەندییە قسە لەگەڵ هاوژینەكەی دەكات، ئەویش نكۆڵی لە پەیوەندییەكەیان ناكات و دەڵێت راستە پەیوەندیمان ماوە، من ئەو ژنەم خۆشدەوێ‌ و ئەگەر تۆ رازی بی، ئەو ئامادەیە دووبارە شوو بە من بكاتەوە. ئەویش پێیدەڵێت مادام دڵت بە ژنە كۆنەكەتەوە بوو، بۆچی هاتیتە خوازبێنی من؟ بەڵام هاوژینەكەی پێیگوتووە ئەوان هیچ كێشەیەكیان نەبوو، دایكی كێشەی بۆ دروستكردوون و ناچاری كردووە ژنەكەی تەڵاق بدات.".

لە کۆتایی چیرۆکەکەدا نوسیویەتی "كاتێك بانگی پیاوەكە كرا و پرسیاری لێكرا بۆچی ژنێك دەخوازیت لە كاتێكدا هێشتا دڵت لەلای ژنە تەڵاقدراوەكەتە؟ پیاوەكە گوتی دایكی بە زۆر ئەو كارەی پێكردووە، ئێستاش نایەوێ‌ دەستبەرداری ژنە تازەكەی ببێ‌ و هەروەها دەیەوێ‌ ژنەكەی پێشووی مارە بكاتەوە. لەوێ‌ ژنەكە سەرپشك كرا كە ئایا رازی دەبێ‌ ژنی پێشووی هاوژینەكەی بگەڕێتەوە یان نا، یان داوای جیابوونەوە دەكەی. هەروەها پێیڕاگەیەنرا كە دەتوانێ‌ لە دادگای باری كەسی سكاڵا تۆمار بكات ئەگەر مێردەكەی سوور بوو لەسەر پەیوەندییەكەی، یان بەبێ‌ رەزامەندی ئەو هاوژینە كۆنەكەی مارە كردەوە. لە یاسای باری كەسییدا هاتووە "هەر كەسێك گرێبەستی هاوژینی بۆ زیاتر لە ژنێك بكات، بەبێ‌ ئەوەی رەزامەندی ژنی یەكەم وەربگرێ‌، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندكردن بۆ ماوەیەك كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێ‌ و لە ساڵێك زیاتر نەبێ‌، هەروەها بە بڕی 10 ملیۆن دیناریش غەرامە دەكرێ‌".."



PM:08:19:27/01/2017