بارزانی: خۆم کاندید ناکەمەوە

بارزانی رایگەیاند "هەڵبژاردن مانگی ٩ ئەنجام دەدرێت و منیش خۆم کاندید ناکەمەوەو کار بەسەربەخۆیی دەکەم".

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (لیمۆند) ی فەرەنسی، کە ڕۆژی ٢٣ ی شوبات ئەنجامیداوە، بارزانی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە ڕایگەیاندوە "لە مانگی ٩ دا دوو هەڵبژاردن دەبێت؛ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی. پاش هەڵبژردنەکانی ٢٠١٤ ڕێککەوتنێک هەبوو لەنێوان پارتەکاندا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەک و پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش، بەڵام بەشێک لەوان کێشەیان دروست کرد و زیاتر بەروەژوەندیی تاکڕۆییی خۆیان دەخستە پێشەوە. دەنگی هاووڵاتیان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بزانرێت، دەبێت کێ دەستەڵات بگریتە دەست".

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، بارزانی توویەتی "یاساکەمان ئەوە دیاری دەکات، کە ماوەی سەرۆکایەتی تەنیا چوار ساڵە و یەک جار تازە دەکریتەوە، من دوو جار سەرۆکایەتیم کرد و دووەم جار بەهۆی جەنگی دژ بە داعش ناچاربووم بەردەوام بم. یاسا گرینگیی خۆی هەیە، کەواتە خۆم کاندید ناکەمەوە. لەنێو پارتەکاندا چەندین کەس هەیە، کە دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و کەسانی سەربەخۆش دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و داوای دەنگی هاووڵاتییان بکەن".

بارزانی ئەوەشی وتووە کە ئەو دەخوازێت هەموو ئەو کاتەی کە لە بەردەستیدایە، تەرخانی بکات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان.

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامە فەرەنسیەکەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بارزانی وتوویەتی "ئەمە بابەتێکی زۆر گرینگە و ئێمە ڕێکی دەخەین، هەرچەندە هێشتا ڕۆژەکەیشی دیاری نەکراوە. بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، مافی هەموو میللەتێکە و مافی گەلی کوردیشە. زۆرینەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ ئەو چارەسەرەدان".

سەبارەت بەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستانیش کورد داوای سەربەخۆیی بکات، بارزانی وتوویەتی ئەوان پشتگیری کێشەی کورد دەکەن لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بە مەرجێک ئەو کێشەیە بەچەک و لە ڕێی توندوتیژییەوە نەبێت.

هەروەها بارزانی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وتوویەتی "ڕێککەوتنێک هەیە سەبارەت بەو ناوچانەی کە پێش ١٧ی مانگی ١٠ی ٢٠١٦، واتە پێش هێرشکردن بۆ سەر موسڵ  ئازادمان کردوون، کە ئێمە لەو ناوچانەدا دەمێنینەوە. بڕیارە ناوچەکانی تری وەک قەرەقووش یان باشیک، بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە بن. ئەگەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە داوای ڕیفراندۆمیان کرد، ئێمە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین".
لە ماڵپەڕی NRT ەوە وەرگیراوە



AM:01:37:02/03/2017