هەژان باس لە جیابوونەوەی لە دەروون گێژەن دەکات

خانمە پێشکەشکار و ئەکتەری بەناوبانگی کورد هەژان هێرش لە چاوپێکەوتنێکی نوێیدا باس لە ژیانی ئێستایی و هەروەها باس لە جیابوونەوەی لە دەروون گێژەنی پێشکەشکار دەکات.

هەژان هێرش چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری ژن مەگەزین ئەنجامداوە و باس لە زۆر لایەنی ژیانی دەکات و سەبارەت بە ژیانی ئێستایی و سەرقاڵبوونی دەڵێت "لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی یاریدەدەری توێژەرم، هەروەها خوێندکاری ماستەرم و وەک کاری هونەریش سەرقاڵی دەرهێنانم بۆ کلیپی نوێ و هەروەها ڕیکلامێک، کە بۆ کۆمپانیایەکی بواری خزمەتگوزاری گشتییە لە شاری هەولێر".

هەروەها دەڵێت ساڵی ڕابردوو بۆ ئەو ساڵێکی سەخت و پڕبەرهەم بووە چونکە توانیویەتی لە ماستەر وەربگیرێت و کاری دەرهێنان بۆ کلیپێک بکات وەک یەکەم خانم لە باشووری کوردستان.

هەژان کە تەمەنی ٢٦ ساڵە باس لەوەشدەکات کە هەتا ئێستاش خەڵک بە ڕاز بانگی دەکەن بە هۆی بەشداربوونی بە کارەکتەری ڕاز لە درامای گەڕان بە دوای سێبەرەکاندا و دڵخۆشە ئەو کارەی بەو شێوەیە ماوەتەوە.

سەبارەت بە جیابوونەوەشی لە دەروون گێژەنی هاوسەری لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا، هەژان دەڵێت "هەر لە ساڵی ڕابردوو هەم خەڵک و هەم خێزانەکەم پشتگیری زۆریانکردم ، یارمەتیاندام بۆ ئەوەی هیچ شتێک بەلامەوە سەخت نەبێت، هەروەها جیابوونەوەکەشم یارمەتیدام هەوڵبدەم کە خۆم بسەلمێنم".

هەروەها وتوشییەتی "لای من جیابوونەوە یەکسان بوو بە دروستکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانم، کە ئازایانە خۆمم بۆ ئامادەکرد، قۆناغی بەخێوکردنی منداڵەکەم بێ باوکی، قۆناغێک کە دەبێت ئیشبکەم و منداڵەکەشم بە تەنها گەورە بکەم، ئێستا زیاتر هیوام بۆ ئایندە هەیە بە تایبەت بۆ هونەرەکەم و خوێندنم".

هەروەها ڕوودەکاتە ژنان و دەڵێت "پەیامم بۆ ئەو ژنانەی وەک منن و جیابوونەتەوە، پێیان دەڵێم ژیان دوای جیابوونەوە ناوەستێت و هیوادارم سەیری داهاتوو بکەن، پێیان دەڵێم بجەنگن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان پەروەردە بکەن".

سەبارەت بە دەروون گێژەن و منداڵەکەشی وتوویەتی "هیوادارم منداڵەکەمان نەکەینە چەک بە دەستمانەوە، منداڵەکەم باوکی دەبینێت و هەفتەی شەوێک لای دەمێنێتەوە، خۆم دەیدەمە دەستی و خۆشم لێی وەردەگرمەوە، گرنگە بۆ منداڵەکەم هەست بە خۆشەویستی هەموومان بکات، با ئێمە نەوەیەک دروست بکەین کە لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆش نەبێت، لەبارەی هاوسەری پێشوومەوە لە ڕێز زیاتر هیچ شتێک لە نێوانمدا نەماوە و دەروون باوکی منداڵەکەمە و هیچیتر، کوڕەکەشم لە هەمووشتێک جوانترە لە ژیانمدا".

لەبارەی فەیسبووک و ئینستاگرامە ساختەکانەوە دەڵێت کە ئەو تەنها بەرپرسە لەو پەیج و ئەکاوەنتانەی کە بەناوی هەژان بارانەوە هەیە و هەموو ئەوانەی دیکە ساختەن



 



AM:10:33:09/03/2017