سلێمانی .. لەبارەی پشووی سبەینێوە بڕیاردرا

بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى ئاگادارى گشت قوتابخانە و خوێندنگەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى دەکاتەوە کە سبەینێ دەوامى فەرمییە و زانکۆی سلێمانیش ڕایگەیاند پابەندی پشووەکە دەبن

لە ئاگادارییەکدا کە ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى بڵاویکردووەتەوە "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاگاداری گشت قوتابخانە و خوێندنگاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكاتەوە، سبەینێ‌ ١٤ ئازارى ٢٠١٧ پشوو نییە و تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی یەكەم بەردەوام دەبن".

هاوکات د.ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەوەکالەت بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە ھەر پشوویەک بەڕەسمی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە و وتەبێژی حکومەتەوە بڕیاری لەسەربدرێت، وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی پێوەی پابەند دەبین و سبەینێش پشومانە.

وتوشییەتی"ھەر کۆلێژ و بەشێک کە تاقیکردنەوەکانیان بەر ئەو پشوە دەکەوێت، سەرپشکن لەوەی دەیکەن بەپشو یان تاقیکردنەوەکەیان ئەنجامبدەن".

ئەمە لەکاتێکدا کە حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕۆژى ١٤ى ئازارى هەموو ساڵێکى کردووەتە پشوو بە بۆنەی یادى لەدایکبوونى مستەفا بارزانىیەوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە دامودەزگانى ترى حکومەت پشووى فەرمییە.



PM:07:03:13/03/2017