دەزگای ستاندەر داوای روونکردەوە دەکات لەسەر راگرتنی کۆڕەکەی ئەمڕۆیان لەهەلوێر، ئەو دەزگایە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئەو رێگریە لەکاتێکدایە کە ھەر لەشاری ھەولێر چەندین کۆڕ و کۆبونەوە ئەنجامدەدرێت کە بەشێکیان ھەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد".
بۆ/رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
بۆ/یۆنامی و نوێنەرایەتی وڵاتان لەھەرێمی کوردستان
بۆ/ سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
بۆ/ ڕای گشتی
بابەت/ بەیاننامە
ئێمە وەک دەزگای ستاندەر کە دامەزراوەییەکی یاسایی سەربەخۆی رێگراپێدراوین لە بواری توێژینەوەی سیاسی و کاری میدیایی و دیالۆگی نیشتیمانی کاردەکەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دور لە توندوتیژی، ئەویش لەرێگای ئەنجامدانی کۆر و سمینار و توێژینەوە و شێوازەکانی تری مەدەنی.
ئەمرۆ بەرواری ١٥ / ٣ / ٢٠١٧ لەدرێژەی کاروچالاکیەکانمان بریار بوو سمینارێک ئەنجامبدەین بۆ ھەریەک لە د.عەدبولڵا ئاگرین ئەندامی سەرکردایەتی (پ.د.ک) و د.محەمەد کیانی سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی بەرەی دیموکراسی گەل لەبارەی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان پارتی و پەکەکە بەشێوەیەکی ئاشتیانە، بەڵام بەداخەوە بەر لەدەستپێکردنی سمینارەکە کاتژمێر ٤ ی دوای نیوەڕۆ ھێزیکی زۆری ھاوبەشی ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆر و وەزارەتی پیشمەرگە و ھێزی چەکداری نەناسراو کە خۆیان بە شێوەیەک ناساند لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێم راسپێردراون بەشێوازێکی ناشارستانیانە ھەڵیان کوتایە سەر ئۆفیسی دەزگای ستاندەر و بەشێوازێکی ناشارستانیانە ئامادەبوانیان کردە دەرەوە کە پێکھاتبون لە مامۆستایانی زانکۆ و رۆشنبیران و نوێنەری حیزبە سیاسیەکان و چالاکانی مەدەنی و دادوەران و بەزەبری ھێز ئۆفیسەکەیان داخست.
بەرێزان ئەو رێگریە لەکاتێکدایە کە ھەر لەشاری ھەولێر چەندین کۆڕ و کۆبونەوە ئەنجامدەدرێت کە بەشێکیان ھەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد و پەیوەندیان بە رژێمی پێشوو ھەیە و، جگە لەرێگا پێدان پارێزگاریشیان لێدەکرێت.
ئێمە داوای ڕونکردنەوە دەکەین لەبارەی راگرتنی سمینارەکە و شێوازی مامەڵەکردن و ھاتنی ئەو ھێزە زۆرە.
ھاوکات بەھۆی ئەو رێگریە زۆرەی کە لە چالاکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دەزگا سەربەخۆکان لەھەولێر دەکرێت پێشنیار دەکەین ناوچەیەکی پارێزراو لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان دابین بکرێت بۆ ئەوەی رێکخراو و دەزگا سەربەخۆکان بتوانن بەشێوەیەکی یاسایی و ئازادانە کارەکانی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن.
دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و راگەیاندن
ھەولێر
١٥ /٣ / ٢٠١٧