چوار فراکسیۆنی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەی عەبادی دەکەن

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند هەر چوار فراکسیۆنی (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو)بڕیاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەیان داوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی.

کاوە محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە سپی ڕاگەیاند "عەبادی داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عیراق، بەڵام هەر چوار فراکسیۆنی (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو)بڕیاری بایکۆتکردنی ئەو کۆبوونەوەیەمان داوە، تا ئێستا فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە".

وتیشی "بایکۆتکردنەکەشمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عەبادی تانەی لەکۆمەڵێ مادە و بڕگەی یاسای بودجەی (۲٠۱۷)داوە کە ئێمە (چوار فراکسیۆنە کوردستانیەکە) رۆڵی گرنگمان لەچەسپاندنیاندا هەبوو، بەتایبەت مووچەی پێشمەرگە و تەرخانکردنی بڕە پارەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک و هەڵەبجە. هەروەها بەهۆی هەڵوێستی نێگەتیڤانەی بەرامبەر پارەی گەنمی جوتیاران کە بڕیاریدا تەنیا (۱۷٪)ی پارەی جوتیارانی هەرێم سەرف بکات، هەروەها بەهۆی بڕینی پارەی تەرخانکراو بۆ بەشە دەرمانی هەرێم."

کاوە محمەد وتیشی لەبەر ئەو هەڵوێستە ناڕەوایانەی دژ بەخەڵکی کوردستان نواندوویەتی، ئێمە ئامادەی کۆبوونەوەکە نابین کە بڕیارە ئەمڕۆ سەعات حەوتی ئێوارە لەبەغدا بکرێت، بەڵکو بە پێویستی دەزانین کە سەرۆک وەزیران خۆی بێتە پەرلەمان و وەڵامی پرسیار و رەخنەی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران بداتەوە".



AM:11:41:26/03/2017