فەرهاد پیرباڵ: هەڕەشەم لێکراوە

 نوسەری دیاری کورد، فەرهاد پیرباڵ لەچاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "نەوزاد هادی و پشتیوان سادق و سەرۆ قادر و خەسرەو جاف و تەرزە جاف دەیانەوێت بڵێن فەرهاد پیرباڵ شێتە".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی فەرهاد پیرباڵ سەبارەت بەو ڕووداوەی بەسەری هاتووە و ڕایگەیاند "کەسێک کۆمپیوتەرەکەی دزیم و منیش ویستم سکاڵا تۆمار بکەم و چەند بنکەیەک گەڕام، چومە مکافەحە، کەسێک لە مکافەحە پێی وتم کە نەوزاد هادی وتوویەتی دەرگا بکەیتەوە لە فەرهاد پیرباڵ سزات دەدەین، منیش وتم لە کوێ سکاڵا بکەم؟".
ڕاشیگەیاند ، دواتر چووەتە پارێزگای هەولێر بۆئەوەی قسە لەگەڵ پارێزگاری هەولێردا بکات، دوو چەکدار هێرشیان کردووەتە سەری و بەچەک لێیانداوە، بەوتەی خۆشی بە سێ قۆناغ لێیانداوە.
ڕوونیشیکردەوە "ئەو کەسانەی لێیاندام وتیان ئەوە پەیامی نەوزاد هادی و پشتیوان سادقە". ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە "تەرزە جاف و خەسرەو جاف هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووم و خەسرەو جاف ئامادە نەبووە لەسەر سکاڵاکەم بێتە بەردەم دادگا".
لە درێژەی وتەکانیدا وتیشی"نەوزاد هادی و پشتیوان سادق و سەرۆ قادر و خەسرەو جاف و تەرزە جاف دەیانەوێت بڵێن فەرهاد پیرباڵ شێتە".
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ئەو چیتر خۆی بە کورد نازانێت و تاکە داواکاریشی گەڕاندنەوەی لاپتۆپەکەیە بۆی.
لە پاش ڕووداوەکەش سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پۆلیسی هەولێریش دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەی ڕاگەیاند.
هاوکات پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند کەئەو دوو کەسەی کە هێرشیانکردووەتە سەر فەرهاد پیرباڵ هیچ پەیوەندییەکیان بە پارێزگاری هەولێرەوە نییە.

فەرهاد پیرباڵ کێیە؟

فەرھاد پیرباڵ، نووسەر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆیە.

لە ساڵی ١٩٦١ لە ھەولێر لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٤ لە زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە.

 لە ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ڕیزی یەکێتی نوسەرانی شاخەوە، ھەر لەناو یەکێتی نووسەرانی شاخیش یەکەمین کتێبی چاپ کردووە کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی "ماڵئاوایی وڵاتەکەم".

فەرهاد پیرباڵ چووەتە چەند وڵاتێکی ئەوروپا و لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٤ گەڕاوەتەوە کوردستان.

هەفتەیەک دوای تەواوکردنی دوکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆن، لە بواری "مێژووی ئەدەبی نوێی کوردی"دا لە ساڵی ١٩٩٤ لە زانکۆی سەلاحەدین دامەزراوە.

 


 



PM:01:34:13/04/2017