بێجگە لە گۆڕان لایەنەکانی دیکە نوێنەری خۆیان دیاریکردووە

ڕاوێژکارێکی بارزانی دەڵێت، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریکردووە و ئامادەن نوێنەر دیاری بکەن، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان.

محەمەد حاجی ڕاوێژکاری بارزانی بە ماڵپەری پارتی تووە "سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە ھەموو لایەنەکان کردووە، نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، زۆرینەی لایەنەکانیش نوێنەری خۆیان دیاریکردووە و ئامادەن نوێنەر دیاری بکەن، تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت، کە تائێستا ئامادە نییە".

وتووشیەتی "ڕەنگە تا هەفتەیەکی دیکە هەموو لایەنەکان نوێنەری خۆیان دیاری بکەن".

ڕاوێژکارەکەی بارزانی ئاماژەی کردووە بۆ ئەوەش کە ئەمساڵ و بەپێی پێشبینییەکانی ئەو لە مانگی ئابدا ڕیفراندۆم ئەنجامدەدرێت.

جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە باسکردنی ڕیفراندۆم لەناو جەماوەردا، نیشانەی ئەوەیە کە جەماوەر بۆ ڕیفراندۆم ئامادەیە و لە ھەندێک شوێن کەمپینیشی بۆ دروست کراوە و تەنیا ئەوە دەمێنێت، کە کۆمیسیۆن ڕاسپێردرێت و کات و شێوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە دیاری بکرێت.



PM:05:12:03/05/2017