گۆڕان: كەسێكی بەهێز لەشوێنی سەردار قادر دادەنێین

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەكەی سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی قبوڵ بكرێت، ئەوكات بزوتنەوەكەیان بۆ پڕكردنەوەی ئەو شوێنە، كاندیدێكی بەهێز دادەنێت.

ئەمڕۆ شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رونكردنەوەی لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستی سەردار قادر دا و لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆی نەوا وتی "دەستلەكاركێشانەوەكەی سەردار قادر لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆوە قبوڵ بكرێت، ئێمەش لە حكومەتی خۆجێی بڕیارمان هەبێت بمێنینەوە، بێگومان ئەم پۆستە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانە و ئەوكات كاندیدێكی بەهێز دادەنێین بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی كاك سەردار قادر".

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان راشیدەگەیەنێت "ئەگەر لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدرێت لە حكومەتی خۆجێی سلێمانی بكشێینەوە، ئەوكات شتێكی ترە، بەڵام لەئێستادا چاوەڕێی ئەوەین بزانین دەستلەكاركێشانەوەكەی سەردار قادر پەسند دەكرێت یان نا، ئەگەر پەسند بكرێت بێگومان كەسێكی بەهێز بۆ ئەو شوێنە دادەنێین، چونكە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانە".



PM:12:44:09/05/2017