وەزارەتی كارەبا كاتژمێری كارەبای لەمانگی رەمەزان دیاریكرد

وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت ئەگەر ئەگەر ھاوڵاتییان ھاوكاری بكەن، دەتوانن لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە ١٥ بۆ ١٦ سەعات كارەبای نیشتمانی بەھاوڵاتییان بدەن.

 محەمەد ئەمین ھەورامی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە "وشە" راگەیاندوە، وەزارەتی كارەبا ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن لە مانگی رەمەزاندا كارەبایەكی باش بۆ هاووڵاتییان دابین بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاری باشیان كردووە، چونكە لە مانگی رەمەزاندا وەرزی گەرما دەست پێ دەكات و خەڵك زیاتر پێویستی بەكارەبا ھەیە.

 وتیشی: "ئەگەر خەڵك ھاوكاری بكەن لە بەكارھێنانی كارەبا، ئێمە دەتوانین زیاتر كارەبا بەهاووڵاتییان بدەین، بەڵام ئەگەر ھاوكار نەبن ئەوكات ئێمەش توانای دابینكردنی كارەبای باشمان نابێت بۆ هاووڵاتییان، بۆیە ئەمە دەگەڕێتەوە سەر خەڵك تا چەند ھاوكاریمان دەكەن، بەڵام گەر ھاوكار بن لە قازانجی ئەواندایە.

زیاتر گوتی، خەڵكی ئێمە تێگەیشتووە ئەگەر كارەبای نیشتمانی ھاتەوە، پێویستە ھەموو ئامێرەكان داگیرسێن، بەڵام پێویستە خەڵك ئەوە بزانێت كاتێك ئەوان ئەو كارە دەكەن، دەبێتە ھۆی كەمبوونەوەی سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانی.
رایگەیاند، "بەپێی پێوەری جیھانی شتێك ھەیە پێی دەڵێن وەحدە وەك كارتی مۆبایل دەتوانی بەرۆژێك ھەموو سەرف بكەی و دەتوانی بە دوو ھەفتەی سەرفی بكەی، كارەبای نیشتمانیش بەھەمان شێوەیە".
 
 ھەورامی ڕوونی كردەوە، ئەگەر خەڵك ھاوكاری ئێمە بكەن، لە مانگی رەمەزاندا دەتوانین رۆژانە ١٥ بۆ  ١٦سەعات كارەبا بەهاووڵاتییان بدەین.



PM:04:27:15/05/2017