گۆڕان کارێکی جیاوازی بۆ کۆچی نەوشیروان مستەفا کرد

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەمجار هاوشێوەی وڵاتانی جیهان بەهۆی کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ئاڵای بزووتنەوەکەی لەسەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان هێنایە خوارەوە.
کەناڵی کەی ئێن ئێن زمانحاڵی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا وەک دەردەکەوێت بەهۆی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ئاڵای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە شاری سلێمانی کە گردی زەرگەتەیە هێنارەیە خوارەوە.
شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.
لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە 



PM:02:01:19/05/2017