نەوشیروان موستەفا بەر لەکۆچی دەڵێت: لەمردن ناترسم

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان موستەفا کۆچی دوایی کرد و بەر لە مردنیشی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "لەمردن ناترسم".

سالار حەمە عەلی لە ساڵی ۱۹۹۹دا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و کەسایەتی دیار ئەنجامداوە و دواتر لە کتێبێکدا لە ژێر ناونیشانی "کێشەی ئافرەتان و بزووتنەوەی ژنان لە نێوان وەهم و واقیعدا" سەرجەم ئەو دیالۆگ و چاوپێکەوتنانەی بڵاوکردووەتەوە.

لەبەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەی ترسی لە مردن دەڵێت "زیاتر لە ۱٥ ساڵە لە مەرگ ناترسم، چونکە تەمەنم گەیشتۆتە ئاستێک ترسم لە مەرگ شکاوە، بەڵام پێشووتر چەند جارێک هەستم بە ترس کردوە لە مەرگ".

بەیانی ئەمڕۆ ١٩ ی ئایار کاتژمێر ٨ ی بەیانی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، تا ئێستا وا بڕیارە تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە بە خاک بسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە 



PM:03:42:19/05/2017