مۆلیدە ئەهلییەکان: لە ڕەمەزاندا ١١ کاقتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین

وەزارەتی کارەبا ڕایگیاند لە مانگی ڕەمەزانیشدا هاوشێوەی ئەم مانگە کارەبا دابەشدەکرێت و مۆلیدە ئەهلییەکانیش ڕایدەگەیەنن پێدانی کارەبا زیاد دەکات.

سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدە ئەھلییەکانی ھەولێر بە ڕۆژنامەی باسی وتووە ”بەھۆی ئەوەی گەرمایە و کارەبای نیشتمانییش کەم بووەتەوە، بۆیە موەلیدەکان تا پێش رەمەزان بە دوو تایم کار دەکەن، تایمێکیان لە ١٢ی نیوەڕۆ تا ٦ی ئێوارە دەبێت، تایمی دووەمیش لە سەعات ٧ی ئێوارە تا ١ی شەو دەبێت".


ڕاشیگەیاندووە ”بەپێی خشتەی وەزارەتی کارەبا بۆ رەمەزان، بەرنامە و خشتەی تایبەتمان دەبێت، ئەو کات پارشێوان و شەوانیش کارەبا دەدەین، بە تایبەت لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا".


ڕوونیشیکردەوە ”لە رەمەزانی ساڵی رابردوودا موەلیدە ئەھلییەکان ٩ سەعات کارەبایان داوە و ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکەن کارەبای زیاتر بدەن، چونکە کارەبای نیشتمانی کەم بووەتەوە، بۆیە لە رەمەزاندا پلانمان ھەیە ١٠ بۆ ١١ سەعاتر کارەبا دابەش بکەین".


قارەمان مەولود ڕاشیگەیاند ”ھەموو کۆتایی مانگێک بەپێی نرخی گاز لە بازاڕ بۆ سەعاتێک پێدانی کارەبا نرخ دیار دەکرێت، بۆ نموونە ئێستا سەعاتی ٤٣ دینار دەوەستێت، ھەر ئەمپێرێکیش لە ٣ ھەزار بۆ ٥ ھەزار دینارە، ئەوەش دەوەستێتە سەر ئەو بڕە کارەبایەی دابەشیان کردووە".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت پێشتر وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند ”لە وەرزی گەرمادا پێدانی سەعاتەکانی کارەبا کەم دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ موەلیدە ئەھلییەکان بەرنامەمان دەبێ بۆ ئەوەی بەردەوام کارەبا بدرێـتە ھاووڵاتییان".


وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندبوو ”خشتەی کارەبا بۆ ھاوین بە تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە دەکەین، بە گشتی ئەمساڵ پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە بەراورد بە ھاوینی رابردوو زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە کاتی پێدانی غازی سروشتی بە ھەندێک لە وێستگەکانی کارەبا".



PM:08:30:23/05/2017