پارتی: بەرپرسانی یەكێتی بەهەڵەداچوون

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕەخنە لە بەرپرسانی یەكێتی دەگرێت و دەڵێت "نەدەبوو یەكێتی هەڕەشەی پێداچوونەوە بە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ پارتی بكات".

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی پێی‌ وایە بەرپرسانی یەكێتی بە هەڵەدا چوون دەربارەی ئەو ئەندامەیان كە لەلایەن ئاساییشی دهۆكەوە دەستگیركراوە و ڕایگەیاند "چەند ئەندامێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ ئاساییش بانگێشتكراون، ئەم بابەتە زۆر لە قاڵبی ئاسایی خۆی گەورە كراوە".

دڵشاد شەهاب بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە "یەكێتی حزبێكی بنەڕەتی بەشداری حكومەتە و دەبێت پێی وابێت كە دامودەزگاكانی ئەم حكومەتە، دامودەزگای هەرێمی كوردستانن، بە ئاساییش و بە پۆلیس و هەموو دەزگاكانی ترەوە، بەڵام بە داخەوە خەڵك لە ئاستی بەرپرسیارێتی و سەركردایەتیی یەكێتی، ناوی ئاسایشی دهۆك بە ئاساییشی پارتی ناو دەبات".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەپرسێت بۆچی دەبێت ئەگەر ئەندامێكی حزبێك لە هەر شوێنێك بگیرێت یاخود بانگێشتی هەر دامودەزگایەكی ڕەسمی بكرێت، تەفسیر و لێكدانەوەی سیاسی بۆ بكرێـت؟ و دەڵێت "ئاخر ناكرێ هاوڵاتی كە ئاراستە و بیركردنەوە و ئینتیمای جیایان هەیە، دامودەزگاكانی حكومەت نەتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەن، ئەگەر وا بێت، ئیجرائات و حوكمڕانی ئەركی كێیە؟".

دڵشاد شەهاب ئەوەشی وتووە "هەموومان ریكلامی ئەوە دەكەین كەوا دەبێت بەرپرس بین بەرانبەر یاسا و دەبێت یاسا بە بەسەر هەموواندا جێبەجی بكرێت، نەمبیستووە لە هیچ شوێنێك ئەو مۆدێلە هەبێت، كاتێك یەكێك بۆ لێپرسینەوە لەلایەن دامودەزگایەكی حكومەتەوە بانگ دەكرێت، یەكسەر ناسنامە حزبیەكەی بگوترێت و بە مەسەلەیەكی سیاسی ببەسترێتەوە".

ناوبراو ڕەخنە لە بەرپرسانی یەكێتی دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت "نەدەبوو یەكێتی بكەوێتە ئەم هەڵەیەوە و دامودەزگاكانی حكومەت و ئاساییش، وەك دامودەزگای پارتی ببینێت و ئەمە بكەنە هەڕەشەیەك بۆ پەیوەندیی داهاتوویان لەگەڵ پارتیدا".

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوان پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی، زۆر لەوە گەورەتر سەیر دەكەن و ڕۆژانە لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوە و پەیوەندیی بەردەوام هەیە و باسی چارەسەركردنی گرفتی زۆر گەورە لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا دەكەن.

هۆگر سەلیم، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی دوێنێ لەسەر ڕێگای ئامێدی و ناحیەی دێرەلووك دەستگیر كراوە، بە وتەی ئاسایشی ئامێدی ماوەی 20 رۆژ لەمەوپێش فەرمانی دەستگیركردنی بۆدەرچووە



PM:01:27:30/05/2017