دەرماڵەی بەشكێك لەمامۆستایان زیاد دەكرێت

لەسەر داخوازی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕیاریدا دەرماڵەی مامۆستایانی دەرچووی پەیمانگەی راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی 10% زیاد بكات.

بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە (747) كە لە 25لا ئایاری 2017 دەرچووە، بڕیاردراوە بە زیادكردنی رێژەی 10%ی دەرماڵەی مامۆستایانی دەرچووی پەیمانگەی راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی.

لەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی، هاتووە ئەو مامۆستایانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن و لە پەیمانگەی راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی بۆ ماوەی (2) ساڵ درێژەیان بە خوێندن داوە، شایستەی گۆڕینی بڕوانامەی بۆ رێژەی 45% بەمەرجێك لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕوانامەكانیان یەكسان كرابێت بە بڕوانامەی بەكالۆریۆس.

لە 17ی نیسانی 2017، وەزیری پەروەردە بە نووسراوی ژمارە (5494) داوای لە وەزارەتی دارایی  كردبوو گۆڕانكاری لە دەرماڵەی مامۆستایانی هەڵگری دبلۆم بكات و دەرماڵەكانیان لە 35% بۆ 45% بەرزبكرێتەوە بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پەیمانگای راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی درێژەیان بە خوێندن داوە.

هاوكات ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەناوەڕاستی مانگی ئابی 2013 رەزامەندیان لەسەر گۆڕینی نازناوی ئەو مامۆستایانەو پێدانی مافە داراییەكان نیشانداوە.



PM:04:37:30/05/2017