ژنێک لە هەولێر: لە داخی مێردەکەم خیانەتم کرد

ژیلەمۆ عەبدولقادربەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر باس لە ژنێک دەکات کە لە داخی هاوسەرەکەی خیانەتی لێکردووە.
ژیلەمۆ لە میانی نوێترین وتاریدا نوسیویەتی "بۆ هەموو کارێک کاردانەوە هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو جارێک کاردانەوەى کارێک بە قازانجى تۆ بشکێتەوە، رەنگە بتخاتە کێشەیەکى گەورەوە، وەکو ئەو ئافرەتەى کە لە داخى مێردەکەى پەناى بۆ پەیوەندییەکى نادروست برد، ئەو ئافرەتە ماوەیەک لەمەوبەر سەردانى کردین و داواى رێگەچارەیەکى یاسایى کرد بۆئەوەى دەربازى بێ لەو کێشەیەى تێیکەوتووە کە قەت باوەڕى نەکردووە رۆژێک لە رۆژان تووشى ببێ".
ئەو بەم شێوەیە بەسەرهاتی ئەو ژنە دەگێڕێتەوەە "ئافرەتەکە بەسەرهاتى خۆى گێڕایەوە و گوتى کاتێک گەنج بووە، پەیوەندیى خۆشەویستى لەگەڵ کوڕێک هەبووە، کوڕەکە بەڵێنى خۆى بەرامبەر بردووەتە سەر و هاتووەتە خوازبێنێ، سەرەتاى ژیانیان پڕ بووە لە یادەوەرى و قسەى خۆش. بە گوتەى خۆى ئەوەى لە ژیانى ئەواندا هەبووە زیاتر لە خەیاڵ و ئەفسانەى نێو فیلمەکان چووە، بەڵام ئەو خۆشیانە تا سەر نەبوون. دواى دوو ساڵ هەڵسوکەوتى هاوژینەکەى رۆژ بەڕۆژ گۆڕانکاریى بەسەردا هاتووە، ژنەکە بیر و خەیاڵى هەر لەلاى ئەو بووە، بەڵام پیاوەکە لە جیهانێکى دیکەدا ژیاوە."
ڕوونیشی کردووتەوە کاتێک ژنەکە لە هەڵسوکەوتەکانى هاوسەرەکەی کۆڵیوەتەوە، بۆى دەرکەوتووە کە پەیوەندى لەگەڵ ئافرەتێک هەیە، ئەو ژنە دەڵێت زۆر ئامۆژگارى هاوسەرەکەی کردووە کە خیانەتى لێنەکات، بەڵام سوودى نەبوو، ماوەیەک لێى تۆراوە و چووەتەوە ماڵى باوکى، بەڵام ئەوەش هیچ سوودى نەبووە. بۆیە هەڕەشەى لە هاوسەرەکەی کردووە ئەگەر واز لە پەیوەندییە نادروستەکانى نەهێنێ، ئەویش هەمان رێگەى ئەو هەڵدەبژێرێ، بەڵام وەڵامێکى زۆر چاوەڕواننەکراوى لە مێردەکەى دەستدەکەوێ کە پێیدەڵێ "کەیفى خۆتە".
هەروەها ژیلەمۆ نوسیویەتی " ئافرەتەکە سەیرى بەوە هاتبوو چۆن پیاوێک رێگە بە ژنەکەى دەدات پەیوەندى لەگەڵ پیاوێکى دیکە هەبێ، زۆر بیر لە قسەى مێردەکەى دەکاتەوە کە ئایا مێردەکەى تاقیدەکاتەوە یان دەیەوێ تووشى پەندێکى بکات، ئەوئافرەتە دەڵێت بەرلەوەى بیر لەو رێگە هەڵەیە بکاتەوە، ویستوویەتى جیاببێتەوە، بەڵام هاوژینەکەى پێیگوتووە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە تەڵاقى بدات. جگە لەوەش پێشتر خوشکێکى جیاببووەوە، ئەو ترسى لەوە هەبوو تێڕوانینێکى خراپ بەرامبەر خێزانەکەى دروست ببێ و کاریگەرى لەسەر شووکردنى خوشکەکانى دیکەى هەبێ".
ئەو ژنە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو رەفتارەى مێردەکەى، ئافرەتەکە پەیوەندى لەگەڵ کوڕێک دادەنێ، بەڵام نەیزانى هێندە هۆگرى ئەو کوڕە دەبێ بە جارێک پشت لە مێردەکەی دەکات، تەنانەت هیچ باکى بەوە نابێ مێردەکەى خەریکى چییە؟ کەى دەردەچێ؟ کەى دەگەڕێتەوە؟ دەچێتە لاى کێ؟ شەوان بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کێ دەکات؟
ژیلەمۆ نوسیویەتی "ئافرەتەکە دەکەوێتە داوى عەشقى ئەو کوڕە، بەڵێن لە کوڕەکە وەردەگرێ کە دەیخوازێت، هەر بۆیە لە مێردەکەى دەتۆرێ و دەچێتەوە ماڵى باوکى، داواش لە مێردەکەى دەکات تەڵاقى بدات، بەڵام لەو رۆژەى دەچێتەوە ماڵى باوکى، ئەو کوڕەى بەناو خۆشیدەویست تەنانەت تەلەفۆنێکى بۆ ناکات، بۆى دەردەکەوێ ئەو کوڕە خۆشى ناوێت و تەنیا کاتى پێدەکوژێ، سەبارەت بە رێگەچارەکەى، بەو ئافرەتە گوترا کە ئەوان تەنیا دەتوانن بانگى هاوژینەکەى بکەن و ئامۆژگاریى بکەن، ئەوان ناتوانن ئیجرائاتى یاسایى بەرامبەر هاوژینەکەى بکەن، چونکە مافى گشتى تێدا نییە بەڵکو مافى کەسییە، دەتوانى پەنا بۆ دادگاى بارى کەسى ببەى و سکاڵا لەسەر هاوژینەکەت تۆمار بکەى، ئەگەر بە بەڵگە سەلماندت کە هاوژینەکەت خیانەتت لێدەکات، دەتوانى داواى جیابوونەوە بکەى. هەروەها ئامۆژگاریش کرا کە واز لە پەیوەندى نادروست بهێنێ، چونکە ئەگەر ئاشکرا ببێ، هاوژینەکەى دەتوانێ سکاڵاى لەسەر تۆمار بکات و سزا بدرێ".




AM:09:39:01/06/2017