هونەرمەندێكی بەناوبانگی كورد دەستگیركرا

هونەرمەندێكی دیاری بواری كۆمیدیا كە شانۆكارێكی دیاری شاری كەركوكە دەستگیركرا و گردبوونەوەیەكیش بۆ ئازادكردنی ڕێكخرا.

لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەك لەشاری‌ كەركوك، هونەرمەندێكی دیاری بواری كۆمیدیا، زانیار جومعە لەو شارە دەستگیركرا.

لەو بارەیەوە ئەدهەم جومعە، برای زانیار جومعە بەSNNی‌ ووتوە "حەوت مانگ  بەر لەئێستا، براكەم لەبەردەم نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك دژی گیانلەدەستدانی چەند منداڵێك و وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بەخراپی ڕەوشی تەندروستی، قوڕاویكرد بەسەر خۆیداو لەسەر ئەو هەڵوێستەشی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە سكاڵای‌ لەسەر تۆماركرد".

ئەدهەم جومعە ئەوەشی ئاشكراكرد بەهۆی ئەو سكاڵایەوە چەند ڕۆژێك بەر لەئێستا پۆلیس چونەسەر ماڵی زانیار، بەڵام ئەو لەماڵەوە نەبوو تا دەستگیری بكەن وتیشی "ئەمڕۆ 4ی‌ حوزەیران، براكەم بەپێی خۆی چووە بنكەی پۆلیسی ئازادی شاری‌ كەركوك و دەستگیریان كردوە".

ناوبراو وتیشی "براكەم ناوی كەسی نەزڕاندوە و تەنها ویستویەتی لەو ڕێگەیەوە باشتر ئاوڕ لەژیانی‌ نەخۆش بدرێتەوە لەنەخۆشخانەكاندا، بۆیە دەبوو كەسانی كەمتەرخەم لەئاست گیانی خەڵك دەستگیربكرانایە، نەك براكەی‌ من كە خەمی‌ خەڵكی‌ لەكۆڵناوە".

پاش دەستگیركردنیشی ژمارەیەك لەهونەرمەندان و چین و توێژەكانی شاری كەركوك لەبەردەم بنكەی پۆلیسی ئازادی گردبونەوەی ناڕەزاییان دژی ئەو بڕیارەی دادگا ئەنجامدا و داوادەكەن، كەسانی كەمتەرخەم و تاوانبارانی ڕاستەقینە دەستگیربكرێن نەك هونەرمەندێك كە لەڕێگەی هونەرەكەیەوە خەمی هاوڵاتیانی شارەكەی گەیاندبێت.



PM:02:52:04/06/2017