بارزانی باس لە مردنی خۆی دەکات
بارزانی: من خۆشحاڵ دەبم کاتێک کە دەمرم

‌مەسعود بارزانی:ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەم کوردستانە سەربەخۆیە

مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا باس لە مردنی خۆی دەکات و دەڵێت "من خۆشحاڵ دەبم کاتێک کە دەمرم، لە کوردستانێکی سەربەخۆدا دەمرم."

مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە هەوڵەکانی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکات و دەشڵێت ": من بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لە یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا لەدایکبووم، دەشمەوێت لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆدا بمرم."

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ گۆڤاری فۆرن پۆلیسی دەڵێت " ماوەیەکی زۆرە گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە ڕیفراندۆم بکەین و رێگەبدەین خەڵکەکەمان بڕیاڕبدات. ماوەیەکی زۆریشە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە بەغدا ئێمە وەک هاوبەشێک بەمانای راستەقینەکەی پەسند ناکات. ئێمەش نامانەوێت ببینە پاشکۆی ئەوان. چونکە دەمانەوێ رێگە لە کێشەی زیاتر بگرین. رێگە لە شەڕێکی خوێناوی بگرین. هەروەها ئەو کێشەیە نەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی هەموو ناوچەکە، بۆیە دەمانەوێ ئەو ڕیفراندۆمە بکەین، تاوەکو لە خەڵکی خۆمان بپرسین چییان دەوێت؟ ئەمە هاوکارمان دەبێ بۆئەوەی لە داهاتوودا رێگە لە هەر ناسەقامگیرییەک بگرین. یان ئەگەر دۆخەکە بەردەوامبێت و شەڕێکی خوێناوی رووبدات، رێگەی لێبگرین. تۆ دەزانی دۆخی ئاسایش لەم ناوچەیەدا چۆنە. کاتێک خەڵک لەم ڕیفراندۆمیەدا بڕیاریاندا، چاوەڕوانی ئەوە لە هەموولایەک دەکەین رێز لە خواست و بڕیاری ئاشتییانە و دیموکراسیی خەڵکی کوردستان بگرن".

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە کە میدیاکانی نزیک لە پارتی کردویانە بە کوردی

پرسیار: رۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریکرا، بەگوێرەی هەندێک راپۆرت، تۆ دوای ئەوە قسەت لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کاردانەوەی ئەو چی بوو بۆ بڕیارەکەتان؟

بارزانی: راستە قسەمان کردووە، بەڵام پێشتریش لەسەر ئەو پرسە قسەمان کردبوو. من بەتایبەتی لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیم بە جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە کردووە و بۆم روونکردووەتەوە کە ئەو ڕیفراندۆمیە شتێکی ئاسایی و مافێکی یاسایی خەڵکی ئێمەیە. پێمگوتووە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیەکە، دەمانەوێ لەڕێگەی گفتوگۆوە، بەشێوەیەکی ئاشتییانە دانوستاندن لەبارەی ئەنجامەکانییەوە بکەین. ئەو تێگەیشتنی بۆ ئەو پرسە هەبوو. پێمانگوت دەمانەوێ مەسەلەکە لەڕێگەی ئاشتییانەوە نەک تووندوتیژی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەین. ئەو تێگەیشتنی هەبوو. ئەرێنیش بوو.

پرسیار: باسی ئەوەتکرد کە هەر هەنگاوێک بۆ سەربەخۆیی لەڕێگەی دانوستاندنەوە دەبێت لەگەڵ بەغدا، لەو دانوستاندنانەدا بە کەمتر لە سەربەخۆیی رازی دەبن؟

بارزانی: ڕیفراندۆمیەکە بۆ سەربەخۆییە. ئەو پرسیارە لە خەڵک دەکرێت و خەڵک بریاڕدەدات.

پرسیار: ڕیفراندۆم دەکەن، بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەک بۆ ئەنجامەکانی دیاریکرابێت، چ لە نێوخۆی سیستمی سیاسی کوردی و چ لە دەرەوەی سیستمەکەش. دەتوانیت پێمبڵێیت کاریگەریی ئەو ڕیفراندۆمیە چی دەبێت؟

بارزانی: ڕیفراندۆم شتێکە پەیوەستە بە چارەنووسی هەموو خەڵکەوە. بۆیەش ئەم پرسە گرنگترە لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسی یان پارتێکی سیاسی، یانیش کێشەیەکی سیاسی لە سیستمەکەدا. دڵنیام زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕیفراندۆمدان. پشتیوانانی پارتە سیاسییەکان زۆرینەی ئەوانەن لەگەڵ ڕیفراندۆمدان. ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنیمان لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکان کرد و هەموویان پشتیوان بوون.

پرسیار: باسی خواستی خەڵکی کوردستانت کرد بۆ سەربەخۆیی، بەڵام مەترسییەک هەیە کە ئێوە بە ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمیە، بەبێ بوونی پرۆسەیەکی فەرمی بۆ گەیشتنە سەربەخۆیی (بەبێ ئەوەی پێویست بکات) ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستانتان بەرزکردووەتەوە؟

بارزانی: کاتێک ڕیفراندۆممان کرد، ئەوکات راسپاردەی خەڵکمان دەبێت. ئەمەش بۆئەوەی پیشانی ئەکتەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی بدەین کە خەڵکی کورد چیی دەوێت. کاتێک خەڵک بڕیاریدا و دەنگیدا، ئەوکات وەک گوتم سەرەتا لە یەکەم هەنگاودا گفتوگۆیەکی جددی و ئاشتییانە لەگەڵ بە‌غدا بۆ بەدیهێنانی خواستی خەڵک دەستپێدەکەین. ڕیفراندۆمیەکە بۆ سەربەخۆییە. بۆیە دەمەوێ لایەنەکانی دیکەش لەوە تێبگەن: کاتێک ئێمە ڕیفراندۆمیەکەمان کرد و دەستمان بە گفتوگۆ کرد، ئەوە بەمانای ئەوە نییە کە لەسەر خواستی خەڵک کۆڵدەدەین. بۆیە ڕیفراندۆمیەکە بۆ سەربەخۆییە و دەبێ ئەنجامەکەشی جێبەجێ بکرێت.

پرسیار: لە 2005 ڕیفراندۆمیەک ئەنجامدرا کە زۆرینە، نزیکەی %98ی خەڵک دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام ئەو دەنگدانە نەبووە هۆی سەربەخۆبوونی کوردستان. دەمەوێ بۆم روونبکەیتەوە کە بۆچی ئەو دەنگدانەی ئێستا جیاواز دەبێت؟

بارزانی: ڕیفراندۆمیەکەی 2005 لەلایەن رێکخراوەکانی جڤاتی سڤیلەوە ئەنجامدرا، بەڵام ڕیفراندۆمی ئەمجارە فەرمییە و لەلایەن حکومەت و پارتە سیاسییەکانەوە ئەنجامدەدرێت. ئەمەیان ئیلزامییە و ئەوەی دیکە ئیلزامی نەبوو.

پرسیار: لەلایەن شارەزایانی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ هاوکارییەک کراون بۆئەوەی کە ڕیفراندۆمیەکە وابکرێت کە ئەمجارە کاریگەریی گەورەتری هەبێت؟

بارزانی: چەند ساڵە کار لەگەڵ هەندێک شارەزایانی نێودەوڵەتی و شارەزایانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و شارەزایانی سیاسی دەکەین، بۆئەوەی هاوکارمان بن لە داڕشتنی پێکهاتەی ڕیفراندۆمیەکەمان. بەدڵنیاییەوە ئەوان پشتیوانییان کردووین. هەروەها زۆر هاوکارمان بوونە.

پرسیار: ئەگەر چەند ساڵێک لەگەڵیان لە گفتوگۆدان، ئەی بۆچی ئێستا ئەم ڕیفراندۆمیە دەکەن؟

بارزانی: ماوەیەکی زۆرە گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە ڕیفراندۆم بکەین و رێگەبدەین خەڵکەکەمان بڕیاڕبدات. ماوەیەکی زۆریشە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە بەغدا ئێمە وەک هاوبەشێک بەمانای راستەقینەکەی پەسند ناکات. ئێمەش نامانەوێت ببینە پاشکۆی ئەوان. چونکە دەمانەوێ رێگە لە کێشەی زیاتر بگرین. رێگە لە شەڕێکی خوێناوی بگرین. هەروەها ئەو کێشەیە نەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی هەموو ناوچەکە.

بۆیە دەمانەوێ ئەو ڕیفراندۆمە بکەین، تاوەکو لە خەڵکی خۆمان بپرسین چییان دەوێت؟ ئەمە هاوکارمان دەبێ بۆئەوەی لە داهاتوودا رێگە لە هەر ناسەقامگیرییەک بگرین. یان ئەگەر دۆخەکە بەردەوامبێت و شەڕێکی خوێناوی رووبدات، رێگەی لێبگرین. تۆ دەزانی دۆخی ئاسایش لەم ناوچەیەدا چۆنە. کاتێک خەڵک لەم ڕیفراندۆمیەدا بڕیاریاندا، چاوەڕوانی ئەوە لە هەموولایەک دەکەین رێز لە خواست و بڕیاری ئاشتییانە و دیموکراسیی خەڵکی کوردستان بگرن.

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەشت کە بۆچی ئێستا ڕیفراندۆم دەکەین، پێشتر لە چەند قۆناخێکدا ویستوومانە ئەنجامی بدەین، بەڵام لەبەر دۆخەکە بەگشتی و هی ناوچەکە بەتایبەتی، هەروەها لەبەر گۆڕانکارییەکانی دیکەش دوامانخستووە، بەڵام ئەگەر بێت و زیاتر لەمە دوایبخەین، لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێمە تەواونابێت. کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر چارەنووسی خەڵکەکەمان دەبێت. بۆیە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمیە و لەکاتی خۆیدایە.

پرسیار: رەخنەگران رەنگە بڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ئابووریی هەیە، توانای هەیە بەشێک لە مووچەکان بدات، لەگەڵ ئەوەشدا متمانەی وەبەرهێنەران کەمە. هاوکات لە نێوخۆش رەخنەی ئەوە هەیە کە ڕیفراندۆمیەکە پێش کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت. هەروەها ماوەی سەرۆکایەتی خۆشت دوو ساڵ بەر لەئێستا بەسەرچووە. بۆچی ئەم ڕیفراندۆمیە لەسەرووی هەموو ئەو شتانەوەیە؟

بارزانی: ئەگەر چاوەڕێی دۆخێکی نموونەیی بکەین بۆئەوەی هەموو کێشەیەک چارەسەرببێت، ئەوە ئەو شتە روونادات. ئێمە دەمانەوێ ئەو ڕیفراندۆمیە بکەین بۆئەوەی سەربەخۆییمان هەبێت. ئەمەش هاوکاردەبێت بۆئەوەی کۆمەڵێک کێشە ئۆتۆماتیکی چارەسەرببن.

ئەگەر سەیری نموونەی وڵاتانی دیکەش بکەین (کە گەیشتوونەتە سەربەخۆیی)، هەموویان رووبەڕووی کێشەی نێوخۆیی بوونەتەوە، بەڵام نەوەستاون تاوەکو هەموو کێشە نێوخۆییەکانیان چارەسەربکەن و جیاوازییەکانیان نەهێڵن. ئێمە چاوەڕێ ناکەین تاوەکو هەموو کێشەکان چارەسەرببن، پێشئەوەی بڕیاربدەین. چونکە ئەم پرسە لە کێشەکان گەورەترە، لە پرسەکانی دیکە گەورەترە. سەرەتا ئەمە ئەنجامدەدەین، دواتر ئەو کێشانەش چارەسەردەکەین.

پرسیار: ئەگەربکرێت بچمەوە سەر ئەوەی کە ئەو ڕیفراندۆمیە وەک ئامرازێک چی بە کورد دەبەخشێت، بەلایەنی کەمەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا ژمارەیەک وڵات پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیەکە، لە شەرعییەتەکەی کەمدەکەنەوە. ئەمریکییەکان گوتوویانە کە دژن. تورکیا بە بەئاشکرا دەڵێت "نابەرپرسانە" و هەروەها "هەڵەیەکی گەورەیە". کەواتە ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمیە چ شتێکتان پێدەبەخشێت، کە ئێستا نیتانە؟

بارزانی: ئێمە کاری زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی عێراق بە یەکگرتوویی بهێڵینەوە. دەتوانم پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ بەغدا بۆ دوو قۆناخی سەرەکی پۆلێن بکەم: یەکەمیان لەکاتی دروستکردنی عێراق لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تاوەکو 2003. قۆناخی دووەمیش دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا.

لە قۆناخی یەکەمدا، لە 1920ەوە تاوەکو 2003، پشکی کورد چی بووە لە حکومەتی عێراق؟ شاڵاوی ئەنفال، کیمیاباران، تێکدانی گوندەکان، کۆمەڵکوژی و جینۆساید - ئەوە پشکی کورد بووە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەو کاتەدا.

قۆناخی دوای 2003، پشکی کورد چی بووە؟ ئەوان بودجەی کوردستانیان بڕی و، بە دەستووری عێراق پابەند نەبوون. بۆیە پرسیاری ئێمە بۆ کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەش ئەوەیە: ئێمە دەبێت چیتر بکەین؟

زۆر بەسەختی کارمان بۆ ئەوە کرد دەستوورێکمان لە عێراق هەبێت کە زامنی مافەکانی هەموومان بکات. دەنگمان بۆ دەستوورەکەدا. مەرجی پێشوەختەی دەستوورەکە ئەوەیە کە یەکگرتوویی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە. بۆیە پرسیاری من بۆ ئەوان ئەوەیە: دەستووری عێراق جێبەجێکراوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.

هەر لەبەر ئەمەش، کاردانەوەی کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان و تێڕوانینیان بەم شێوەیەبووە کە هیچ یەکێکیان نەیان گوتووە، ئەوان دژی ڕیفراندۆمن، بەڵکو دەڵێن: رەنگە ئێستا کاتێکی گونجاو نەبێت، یانیش ببێتە هۆی درووستبوونی کێشە . منیش لەسەر ئەم دوو خاڵە جیاوزیم لەگەڵ ئەوان هەیە، من لەسەر دوو خاڵ لەگەڵ ئەوان هاوڕانیم. چونکە ئەم ڕیفراندۆمیە نابێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زیاتر، چونکە ئەگەر ڕیفراندۆمیەکە ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئەو کاتە پەیوەندییەکە زیاتر تێکدەچێت، ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر دەبێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو ڕیفراندۆمیە ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی رێگری لە ناسەقامگیری بگرین.

ئەگەر کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دژی ئەم ڕیفراندۆمیە بن، ئەوا واتە ئەوان دژی بەهاو پرەنسیپە - ئاشتییەکانی خۆیان و دژی مافی دیموکراتی خەڵکن بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەگەر ئەوان دژی ئەم ڕیفراندۆمیەن، ئەوا واتە ئەوان دژی دیموکراسین.

پرسیار: سەرەڕای ئەوەی ئەوان روانینی خۆیان هەیە و ئابووری ئێوەش بە جۆرێکە کە بەستراوەتەوە بە دراوسێکانتانەوە. ئایە پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی براوەبن لەگەڵ دراوسێکانتان وەک تورکیا؟ ئێمە بەم دوایانە بینیمان لە قەتەر چی روویدا، کە دراوسێکانی پەراوێزیانخست- 10 رۆژ دواتر ئێران خواردنی بۆ ناردن. ئایە هیچ پلانێکتان هەیە کە بەسەر هاوپەیمانەکانتاندا سەربکەون، یانیش چۆن بەردەوامدەبن ئەگەر پەراوێزخران؟

بارزانی: بەداخەوە ئێستا، لەم پەیوەندییانەدا بەرژوەندییەکان زاڵترن بەسەر بەهاکان، مۆراڵەکان و مرۆڤایەتیدا. بۆ نموونە لە کێشەی قەتەر وەک باستکرد، ئەوان تۆمەتبارکران بە پشتیوانیکردن لە تیرۆر، دەبینیت کە ئێستاش چۆن پشتیوانیان بەدەستهێناوە. ئەم کێشەیە جیاوازە. یەکێک لە هۆکارەکانی پەراوێزخستنی قەتەر کە باسدەکرێت ئەوەیە کە قەتەر پشتوانی تیرۆر دەکات. بەڵام ئێمە ئەفسانەی تیرۆرمان تێکشاکاند. ئێمە خوێنمان بەخشی بۆ ئەوەی ئەفسانەی تیرۆر لەناوببەین و تیرۆر تێکبشکێنین.

ئەمە دەرفەتێکی گرنگە کە هەم بە تۆ و بە جیهانیش بڵێم: پێمانباشترە لە برسان بمرین، نەک لەژێر زوڵم و داگیرکاریی خەڵکانی دیکە بژین. ئەگەر لە ڕیفراندۆمیەکە بڕیاردرا و، کاردانەوەکانیش پەراوێزخستنی ئێمە بوو، ئەوا با خەڵکی ئێمە بمرێت. ئەوکات دەبێتە "شانازی" بۆ جیهان کە ئەوان خەڵکی ئێمەیان بە برسیکردن کوشت، تەنیا لەبەرئەی ئەو خەڵکە ویستیان بە دیموکراسیانە گوزارشت لە چارەنووسی خۆیان بکەن.

پرسیار: پێتوایە خەڵک جارێکی دیکە پەراوێزخستن پەسند دەکەن؟ کۆمەڵگەی ئێرە لە لە 1990ەوە تاوەکو ئێستا گۆڕانی زۆری بەسەرداهاتووە: ئێوە کوردتان بە جیهانەوە بەستووەتەوە، ئێوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیتان درووستکردووە، پێوەرەکانی ژیانتان باشترکردوون، مۆڵی بازاڕکردنتان بۆ دروستکردوون، پێتوایە ئەوان ئامادەدەبن بچنە ژێر باری هەمان ئەو ناڕەحەتییەی کە لە ساڵانی 1990 دا چەشتوویانە؟

بارزانی: رەچاوی هەموو شتێکمان کردووە، ئەمە پەیوەستە بە خواستی خەڵک، دەنگی خەڵک و بۆچوونی خەڵک. خەڵکەکە زۆر بەباشی دەزانێت کە چ بڕیارێک دەدات، رەنگە خەڵک بڕیار بدات کە دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدات، دواتر ئەمە نابێتە بەرپرسیارییەتییەکی مێژوویمان. بەڵام ئەگەر خەڵک بە بەڵێ بڕیاریدا، ئەمە واتە خەڵکی ئێمە ئامادەیە بۆ هەر ئەگەر و مەترسییەک.
تۆ باسی فڕۆکەخانەت کرد. بەڵام تەنانەت ئێستاش بەرپرسانی هێڵی ئاسمانی مەدەنی عێراقی، چونکە بڕوایان بە فیدراڵیزم و هاوبەشیپێکردنی هێڵی ئاسمانی نییە، کاتێک فڕۆکەیەک لە ئەوروپاوە، یانیش وڵاتێکی دیکەوە دێت، دەتوانن رێگە لە نیشتنەوەی بگرن. ئەمە چ وڵاتێکە، ئەمە چ دەسەڵاتێکە کە ئەو جۆرە هێزەی هەیە.

پرسیار: ئەگەر درووست تێگەیشتبێتم، ئەم ڕیفراندۆمیە ئەنجامدەدرێت و، تۆش وەک راسپاردەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت، بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن بۆ جیابوونەوە دەیبەیت بۆ بەغدا. تاچەند پێتوایە کە پەرلەمانێک لە بەغدا واژۆ لەسەر رێککەوتنێک دەکات بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا پەسند بکات؟

بارزانی: ئێمە لەگەڵیان دەست بە دانوستاندن دەکەین، بەڵام ئەوە کێشەی خۆیانە کە ئایا دەگەنە رێککەوتن یان نا. ئێمە بەردەوامدەبین لەو هاوئاهەنگییەی کە هەمانە لە شەڕی دژ بە تیرۆر. بەهەموو رێگەیەکەوە ئامادەین لەمبارەوە درێژە بە هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ بەغدا بدەین. هاوئاهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتردەکەین. هەموو کارێکی پێویست دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆکوەزیران عەبادی، تا لە ئەرکەکەی وەک سەرۆکوەزیران سەرکەوتووبێت.

پرسیار: ئەی ئەگەر نەتانتوانی رازیبکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن سەبارەت بە سەربەخۆییەکەتان، چ رێگایەک دەگرنەبەر؟

بارزانی: جارێ زووە قسە لەسەر ئەمە بکەین، ئێمە تاوەکو ئێستا ڕیفراندۆمیەکەمان نەکردووە و هەروەها دەستیشمان بە دانوستاندن نەکردووە. ئەوە بڕیارێکی تایبەتی و شەخسی من نییە. ئێمە گەلی خۆمان هەیە، هەروەها لایەنی سیاسی و سەرکردەش هەن کە پێویستە راوێژیان پێبکەین. ئەمە بڕیاری من نییە بەتەنها.

پرسیار: بەڵام ئایە نیگەران نیت سەبارەت بەوەی کە بەغدا هەوڵبدات و جارێکی دیکە وەک لە ساڵی 2014 دا بۆ پرسی سەربەخۆیی هەناردەکردنی نەوت کردی، گوشارتان بخاتەوەسەر ؟

بارزانی: چییان نەکردووە؟ هەموو شتێکیان کردووە. بودجەی ئێمەیان بڕی، ئەمەش واتە نانیان لە دەمی خەڵکی ئێمە گرتەوە، هیچ شتێکمان لە بەغداوە بۆ نایەت، رەنگە تاکەشت کە مابێت بیکەن داخستنی هێڵی ئاسمانی بێت، ئەگەر ئەم هەنگاوەشیان نا، ئەوا ئەمەش پەرچەکرداری خۆی دەبێت. بە دەستی بەستراو دانانیشین. بەڕاستی دەمانەوێت شتەکان بە رێگەی ئاشتی و دانوستاندن و لێکتێگەیشتن بێت. دەمانەوێت لە تووندوتیژی و خوێنڕشتن دوورکەوینەوە. دواتر ئەمە دەردەکەوێت، ئەگەر ئەوان هەنگاوێکی لەو شێوەیان نا، ئەوا بەدڵنیاییەوە پەرچەکردارمان دەبێت.

پرسیار: چ جۆرە کاردانەوەیەک؟

بارزانی: پێموایە بۆ ئەمە بەسە.

پرسیار: پێتوانییە ئەم ڕیفراندۆمیە دەبێتە پێشینەیەک بۆ ئەوەی کەمایەتییەکانی دیکەی عێراقیش داوای هەمان سەربەخۆیی بکەن؟

بارزانی: ئێمە لەگەڵ کەمە نەتەوەکانی دیکەی عێراقین، لە هەر رێگەیەک کە لەبارەی داهاتووی خۆیان هەڵیدەبژێرن. چ بیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بن، چ ئەوەی بیانەوێت پەیوەندیان لەگەڵ بەغدا هەبێت، یانیش هەر رێگەیەکی دیکە کە بیانەوێت هەڵیبژێرن

پرسیار: ئێستا ئێوە دەستەڵاتتان لەو ناوچەنە هەیە و کۆنترۆڵتانکردوون کە لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوورین (رێگە بە خەڵکی ناوچە ناکۆکەکان دەدەن، کە دەنگ بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان یانیش حکومەتی فیدراڵی بدەن). ئایە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکانیش پرسیاریان لێدەکرێت لەبارە ئەوەی ئایە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانن، یان دەیانەوێت ببن بەشێک لە کورستان؟

بارزانی: بەدڵنیاییەوە، لەو ناوچانەش هەمان پرسیار دەکرێت.

پرسیار: کاتێک کە ڕیفراندۆمیەکە دەکرێت، خەڵکی ناوچە ناکۆکەکان دەتوانن بڵێن کە دەیانەوێت ببن، یاخود نەبن بە بەشێک لە کوردستان؟

بارزانی: نەخێر، ئەوە پرسیارەکە نییە. ئەوان تەنیا بژاردەی ئەوەیان دەبێت کە دەنگ نەدەن، ئەگەر پێویستیشیان بە ڕیفراندۆمیەکی دیکە هەبێت، ئەوا لەوانەیە بکەوێتە دوای ئەم ڕیفراندۆمیە.
بۆ نمونە، هەندێک لە عەرەب، تورکمان و، مەسیحییەکان ئەگەر نەیانەوێت ببن بەشێک (لە کوردستان) ئەوا دەتوانن لە ڕیفراندۆمیەکی دیکەدا بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیان بدەن.

پرسیار: ئەی بۆچی پرسیاری ئەوەیان لێناکەن کە دەیانەوێت ببن (بە بەشێک لە کوردستان)؟

بارزانی: ئەمە کێشەیەکی تەکنیکییە، ئێمە لیژنەی ڕیفراندۆم و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنمان هەیە، ئەوە پەیوەست بەوانەوە. هەروەها لە ڕیفراندۆمیەکەدا تەنیا یەک پرسیار دەکرێت.

پرسیار: دەتوانم سەبارەت بە حەشدی شەعبی پرسیارت لێبکەم؟ بەم دواییانە باسێک هەبوو سەبارەت بە رێڕەوی شیعی (گریمانەکراو) بە عێراق و سووریادا. ئێمە بینیومانە کە حەشدی شەعبی زۆر شوێنی نەینەوای گرتووەتەوە، ناوچەکانی دەوروبەری شنگال. ئێوە چۆن ئەمە دەبینن و مەبەستی حەشدی شەعبی چییە؟ چۆن ئەم پێشهاتانە کاریگەرییان لە سەر کورد دەبێت؟

بارزانی: ئێمە ئەمانە وەک یەک پاکێج سەیرناکەین. دوو جۆر لە یەکەکانی حەشدی شەعبی هەن. بەشێک لەوان ئەوانەن کە بە راستی قوربانیی زۆریان لە شەڕی داعش داوە. ئەوان خوێنیان بەخشیوە، ئێمە پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ ئەو قوربانیدانەی ئەوانەی ناو حەشدی شەعبی کە دژی داعش جەنگاون. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کەس هەن کە حەشدی شەعبی بۆ پەردەپۆشکردنی کارە ناراستەکان بەکاردێنن. ئەوە ئەرکی سوپای عێراق و پۆلیسی عێراقە کە ناوچە سنوورییەکان سەقامگیر و ئەمن بکات. ئەگەر یەکەکانی حەشدی شەعبی سووربن لە سەر مانەوە و فەرمانڕەواییکردن لەو شوێنە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوە کێشەی زۆری لێدەکەوێتەوە.

پرسیار: تێڕوانینی ئێوە سەبارەت بە حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شنگال چییە؟

بارزانی: ئامادەیی حەشدی شەعبی لە باشووری شنگال پێشێلکارییەکی گەورەی ئەو رێککەوتنە بوو، کە ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان و عێراقییەکان کردمان. رێککەوتبووین لە سەر ئەوەی کە یەکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ یەکەیەکی سوپای عێراق بۆ ناوچەکە بنێردرێن، بۆ ئەو شوێنەی کە ئێستا حەشدی شەعبی لێیە. بۆ ماوەیەکی زۆر کە ناوچەکە کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام پێویستیی بە بوونی هێزێک هەبوو. بەڵام پاساوی سوپای عێراقی ئەوە بوو کە ئەوان زۆر سەرقاڵن بە ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە، لەبەرئەوە حەشدی شەعبی پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو و ئەوان چوونە ناوچەکەوە.
دووبارەی دەکەمەوە: ئەگەر حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بمێنێتەوە و فەرمانڕەوایی بکات، ئەوە ئەوان کێشەی زۆر دروستدەکەن.

تا شەڕی دژ بە داعش جێی نیگەرانییە، هەرکەسێک کە دژی داعش دەجەنگێت هاوپەیمانمانە. بەڵام، لە داهاتوودا دەبێت ئەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە بێت کە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، هەروەها بۆ ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگا و ئەنجوومەنەکانی قەزا و ناحیەکان بێت کە فەرمانڕەوایی ناوچەکان بکەن. دەبێت ئەوان پۆلیسی لۆکاڵیی خۆیانیان هەبێت لەم ناوچانە بۆ خۆپاراستن. نابێت هیچ بوارێک هەبێت نە بۆ حەشدی شەعبی و نە بۆ هیچ هێزێکی دیکە کە لەو ناوچەیەدا بمێننەوە.

پرسیار: دەکرێت خەڵکی ئێزدی لە شنگال بتوانن بڕیار لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەکتەرەکان بدەن؟

بارزانی: پێویستە ئێزدییەکان ئازادبن بۆ بڕیاردان لەوەی کە چۆن دەیانەوێت لەگەڵ ئەکتەرەکان مامەڵە بکەن. چونکە ئێمە خوێنی پێشمەرگەکانمان داوە بۆ بەخشینی ئازادیی بەوان تا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. نەک تەنها ئێزدییەکان، بەڵکو هەموو خەڵکی ئەم ناوچانە پێویستە ئازاد بن لە هەڵبژاردنی هەر شتێک و پاڵپشتییکردنی هەرکەسێک کە دەیانەوێت.

پرسیار: با بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری ناوچە جێناکۆکەکان. ئێوە گوتتان ئەمە بەشێکی جیا نابێت لە هەر ڕیفراندۆمیەک (لەم ناوچانەدا). ئەوان دواتر دەتوانن چ میکانیزمێک بەکار بێنن بۆ مافی چارەی خۆنووسینیان؟

بارزانی: ئەگەر ئەوان نەیانەوێت ببنە بەشێک لە هەرێمی کوردستان، ئەوە واتای ئەوەیە کە دەیانەوێت لەگەڵ بەغداد بن، ئەوە میکانیزمەکەیە. لەم ناوچانەدا، ئەگەر ئەوان بە ڕیفراندۆمان گوت نەخێر، ئەوە واتای ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ بەغداد بن و ئێمەش هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نییە.

پرسیار: کەواتە ئەگەر هەندێک لەم گرووپانە ڕیفراندۆم خۆیان رێک بخەن و بڵێن 'ئێمە نامانەوێت بەشێک بین لە کوردستان'، ئەوکات ئێوە ناڕازی نابن؟

بارزانی: بەدڵنیاییەوە. ئەگەر خەڵکی ئەم ناوچانە بیانەوێت رێکی بخەن و زۆرینەش بڵێن 'ئێمە نامانەوێت لەگەڵ کوردستان بین'، ئەوا ئێمە رێزی تەواومان هەیە بۆ بڕیاری ئەو خەڵکە لەو ناوچەیە.

پرسیار: بۆ کۆتاییەکانی ئەمساڵ و دوای ڕیفراندۆم، ئێوە بەرنامەی هەڵبژاردنتان هەیە. پێگەی ئێوە چی دەبێت؟ ئایا وازدێنن؟

بارزانی: من بۆ هەڵبژاردن خۆم کاندید ناکەم.

پرسیار: سەربەخۆیی کوردستان بۆ مێژووی ئێوە چەندە گرنگە؟

بارزانی: من بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەدایکبووم. کاتێک کە من لەدایک بووم، باوکم و خێزانەکەم ناوچەی بارزانیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچن بۆ مهاباد لە ئێران بۆ پاڵپشتییکردنی یەکەمین کۆماری کوردستان. من لەوێ لەدایکبووم. کاتێک تەمەنم 16 ساڵان بوو، دەستم دایە چەک. بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئەمە چ واتایەکی دەبێت بۆ مێژووی من کە هەموو ژیانم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بووە.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورد، یەکەمین کۆمار کۆماری کوردستان لە مهاباد بوو. کاتێک ئەوان ئاڵای کوردیان بەرزکردەوە، من لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایەدا لەدایکبووم و دەشمەوێت لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆدا بمرم.
پرسیار: کەواتە مێژووی ئێوە بە تووندی گرێدراوە بە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردەوە؟

بارزانی: هەر شتێک من کردبێتم، لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا بووە.

پرسیار: وەک گوتتان، ئێوە لە کۆمارێکی کوردی لەدایک بوون، ژیانت لە خەباتکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەسەر بردووە، تا چەند پێتان وایە کە ئێستا ئەو کاتەیە کە ئێوە لە کۆمارێکی کوردیدا بمرن؟

بارزانی: من خۆشحاڵ دەبم کاتێک کە دەمرم، لە کوردستانێکی سەربەخۆدا دەمرم.

پرسیار: پێتان وایە ئەمە روو بدات؟

بارزانی: ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەم کوردستانە سەربەخۆیە. هەموو ئەم هەنگاوانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆن. بەڵام ئەمە گرنگە ئێمە دژی رێگاکانی تووندوتیژیین. ئێمە دەمانەوێت بە دیالۆگ و گفتوگۆی ئاشتییانە ئەمە بکەین. تێگەیشتنی هاوبەش و سوودی هاوبەش. ئێمە بەردەوام دەبین و هەماهەنگیی و هاوکاریی لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەبادی و لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دژی تیرۆریزم زیاتر دەکەین. لە دژایەتی تیرۆریشدا هاوکاریی زیاترمان دەبێت.

داوای من لە جیهانی ئازاد وەستانەوە نییە لە دژ بەها و پرەنسیپەکانیان بە وەستانەوە لە دژی چارەی خۆنووسین و مافە دیموکراسییە ئاشتییانەکانی نەتەوەکەمان. بۆ ئەوانەی کە دەڵێن ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوا ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات، دەڵێم، بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین بریتییە لە رێگرییکردن لە ناسەقامگیریی و خوێنڕشتنی زیاتر لە ناوچەکە.




PM:08:45:16/06/2017