سەركردەی یەكێك لەحیزبە سەرەكییەكانی هەرێم ئامادەیە دەست لەكار بکێشێتەوە

رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ئامادەیی خۆی بۆ دەست لەكاركێشانەوە راگەیاند، ئەگەر رێگر بێت لەبەردەم پرۆژەی یەكخستنی لایەنە ئیسلامییەكان.

كامیل مەحمود وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەژماری خۆی كۆی رای بزووتنەوەی لە زاری رابەری گشتی حزبەكەیەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، لە سەرەتاوە تا كۆتایی یەك هەڵوێستمان لەسەر پڕۆژەی ئیسلامییەكان هەبووە.

دەقی ووتەكانی رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی بۆ بەلیژنەی هاریكاری ئیسلامی..

شەشی كانوونی یەكەمی ٢٠١٦ وەفدێكی لیژنەی هاریكاری ئیسلامی رێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستان بۆ دووەمجار سەردانی مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كردو قسەوباسێكی جدی دەربارەی كاری هاوبەشی ئیسلامی و رێكخستنەوەی نێوماڵی ئیسلامییەكان كرا، لەو دیدارەدا كە دكتۆر خالید حەمەساڵح سەرۆكی رێكخراوی ژیارو بەرپرسی لیژنەی هاریكاری و شێخ حسین بەرپرسی لقی سلێمانی رابیتەی ئیسلامی كوردو بەندە ئامادەبووین بەرێز رابەری گشتی هەڵوێستی خۆی و بزووتنەوەی بەروونی خستەروو كە لەم چەند خاڵەدا كورتی دەكەمەوە..

1.بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی هەوڵ و پڕۆژەو خواستی ئێوە لەلیژنەی هاریكاری دەكەین و دەستخۆش و دوعای خێرمان بۆتان هەیە.
2.ئێمە لەدیدگایەكی ئیمانی و ستراتیژییەوە بۆ ئەم بابەتە دەڕوانین و ئامانجی حزبی و تایبەتیمان نییەو ئەگەر بەدەستلەكاركێشانەوەی من (رابەری بزووتنەوە) پڕۆژەكەی ئێوە سەردەگرێت هەر ئێستا لەبەردەم ئێوەدا ئەوە دەكەم.

3.دەستپێشخەری و پڕۆژەی هاریكاری و كاری هاوبەش لەهەر كەس و لایەنێكەوە بێت ئێمە دەستخۆشی لێدەكەین بەو مەرجەی لەخزمەتی ماڵی ئیسلامییەكاندا بێت.

4.بۆ هەرچوارچێوەیەكی پێشنیاركراو بۆ كاری هاوبەش، ئێمە لەدروستكردنی لیستی هاوبەشەوە تا دروستكردنی حزبی هاوبەش و هەڵوەشاندنەوەی ئەم حزبانەی ئێستا لەگەڵیداین.

5.بابەتی كاری هاوبەش و یەكخستنەوەی ماڵی ئیسلامییەكان لەهەڵبژاردن و كورسی و پۆستی وەزاری گەورەترەو ئێمە نامانەوێ لەوە زیاتر خەڵكە ئیسلامییەكە پرسیارو گومانیان لەسەرمان بۆ دروست ببێت و متمانەیان پێمان لاواز بكرێت.

6.ئەم كارەی ئێوە بۆ ئێمە ستراتیژەو بەلێدوان و نووسین و قسەی ناو فەیسبوك و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هەڵوێستمان بەرامبەری بەم پرۆژەیە ناگۆڕێت و لەگەڵ براكانماندا دەڕۆین تا ئامانجە شەرعییەكانمان دێنەدی.

7.ئێمە واقیعە جیهانییەكە دەخوێنینەوەو هەست بەو پیلان و مەترسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانە دەكەین لەسەر ئیسلامییەكان و حەرەكاتی ئیسلامی هەیەو رێكخستنەوەی ریزەكانمان هۆكاری كاریگەری شكستپێهێنانی پیلانەكانی دوژمنانە بەرامبەرمان.

ئەو خاڵانەی سەرەوە پوختەی قسەكانی رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو بۆ لیژنەكەو ویستم ئەوە بڵێم، هەڵوێستی ئەوكات و ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی نەگۆڕەو قیادەو قەواعیدی بەو باوەڕەوە مامەڵەی لەگەڵ براكانیتریدا كردووەو لەم پێناوەشدا هەموو حاڵەتە نەخوازراوەكانی تێپەڕاندووەو بەئومێدەوە بۆ ئامانجە گەورەكەی روانیوە كە برایەتی و یەكریزی و تەبایی رەوتی ئیسلامخوازییە لەكوردستاندا.



AM:10:07:17/06/2017