مەلایەكی ئاینی: وەڵاهی مەسعود بارزانی لە هەموكەس پیاوترە

مامۆستایەكی ئاینی دانیشتوی دهۆك كە هاوكات سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت "هەركەس دەنگ بە ڕیفراندۆم نەدا خۆفرۆشە و هەر مامۆستایەكی ئاینیش لەگەڵیدا نەبێت گوناهبارە".

مەلا ئیحسان ڕێكانی، سەرۆكی لقی دهۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەڤڕۆ كە لە دهۆك دەردەچێت بەتوندی ڕەخنە لەو كەسانە دەگرێت كە دەنگ بە ڕیفراندۆم نادەن دەڵێت "هەر كەسێك دژی ڕیفراندۆم بێت خۆفرۆشە و نابێت لەم وڵاتەدا بێت، هەر مامۆستایەكی ئاینی دژی ریفراندۆم بێت لە ڕووی ئاینی و نەتەوەییەوە گوناهبارە و ئەو مامۆستا ئاینیەشی پشتگیری ڕیفراندۆم نەكات سەر بەلایەنە سیاسیەكانە و مێشكی تێكدراوە و داواش دەكەم لایەنە پەیوەندییەدارەكان بە توندی سزای ئەو كەسانە بدەن"..

هاوكات شەوی ڕابردوو مەلا ئیحسان ڕێكانی لە پانۆرامای هەواڵكانی ئێن ئاڕتی وتی "بارزانی هێڵی سوورە پێمان قبوڵ ناكرێت هیچكەس لەدژی قسەبكات، چونكە لە هەمووكەس پیاوتر و باشترە جگە لەبارزانی كەسێكی دیكە ناتوانێت بڕیارێكی لەوشێوەیە بدات كە لەبەرژەوەندی كوردا بێت". 

مەلا ئیحسان رێكانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەندێك لایەنی سیاسی كەوتونەتە ژێر كاریگەری وڵاتانی بیانی و كار لەسەر مێشكیان كراوە و دەشڵێت، نەبوونی موچە و كارەبا هیچ پەیوەندی بە وڵاتەوە نییە كە وەك هەندێك خەڵك باسی دەكەن بەڵكو ئەگەر بوونە دەوڵەت هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن. 


 



PM:12:00:06/07/2017