کاوە محەمەد: سایتی باسنیوز هەواڵێکی پڕ لەدرۆیان بڵاوکردۆتەوە

کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و هەواڵێکی سایتی باسنیوز ڕەت دەکاتەوە  و ڕایدەگەیەنێت "من دەمێکە بایکۆتی سایتی  (باسنیوز)م کردووە".


لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "سایتی باسنیوز هەواڵێکی پڕ لەدرۆیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە لەدوای گۆڕانکاریی لەسەرۆکایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عیراق، من نیگەران بووم و لەبزووتنەوەی گۆڕان دوورکەوتوومەتەوە، جگە لەرەتکردنەوەی سەرلەبەری ئەو چەواشەکارییە، بە هەموو لایەکی رادەگەیەنم و ئەدا و بۆچوونەکانیشم ئەوە دەسەلمێنن کە ئەوەی من بە بزووتنەوەی گۆڕان دەبەستێتەوە، بەرنامە و سیاسەتە راست و رەواکانیەتی".


دەقی ڕوونکردنەوەکە:

روونکردنەوەیەکی پێویست

من دەمێکە بایکۆتی سایتی  (باسنیوز)م کردووە و بەراشکاویش پێم راگەیاندوون کە لەبەرئەوەی سایتێکی هەواڵگرییە و لانیکەمی ئیتیک و پیشەییبوونی تێدا رەچاو ناکرێت، بۆیە ئامادەنیم هیچ لێدوانێکتان بۆ بدەم..بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەداخەوە بەرووقایمیەوە و بەپشت بەستن بە سەرچاوەیەکی هاوکوفی خۆیان، هەواڵێکی پڕ لەدرۆیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە لەدوای گۆڕانکاریی لەسەرۆکایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عیراق، من نیگەران بووم و لەبزووتنەوەی گۆڕان دوورکەوتوومەتەوە..لێرەدا جگە لەرەتکردنەوەی سەرلەبەری ئەو چەواشەکارییە، بە هەموو لایەکی رادەگەیەنم و ئەدا و بۆچوونەکانیشم ئەوە دەسەلمێنن کە ئەوەی من بە بزووتنەوەی گۆڕان دەبەستێتەوە، بەرنامە و سیاسەتە راست و رەواکانیەتی و هەمیشەش لەبەرەی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان و دژ بە خۆسەپێن و گەندەڵکاران، درێژە بە خەبات دەدەم، جا با بەڕێوەبەرانی سایتی (باسنیوز) و ئەو سەرە گەورانەی لەپشتیانەوەن لەداخا یەخەی خۆیان دادڕن.
کاوە محەمەد
ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان
لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
۲٠۱۷/۷/۱۳



PM:05:00:13/07/2017