وەزارەتی دارایی بڕیارێكی گرنگی دەركرد

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی نوێی دەركرد و تیایدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجكردنی دەرماڵە بۆ دەرچوانی پەیمانگەی ڕاهێنان و گەشەپێدان بە ڕێژی ٤٥% بەمەرجێك ئەو دەرچوانە تەنها لە وەزارەتی پەروەردەدا بمێننەوە.

سایتی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی بڵاوكردۆتەوە كە ڕۆژی ٦ ی ئەم مانگە دەركردووە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە ڕەزامەندن لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامە بە ڕێژەی ٤٥% بۆ دەرچوانی پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی. 
وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە دەرماڵەیە مەرجی ئەوەی هەیە كە ئەو دەرماڵەیە لە چوارچێوەی وەزارەت دەرناچێت و لە كاتی گواستنەوە بۆسەر میلاكی وەزارەتێكی دیكە ئەو ئیمتیازە بۆ كارمەندەكە نامێنێت.

هەروەها وەزارەتی دارایی ئەوەشی وتووە، كە بەو بڕوانامەیە ناتوانن درێژە بەخوێندن بدەن بۆ ئاستەكانی باڵاتری خوێندن.

بەپێی یاسا بەركارەكانی حكومەتی هەرێم فەرمانبەرانی دامودەزگا جیاوازەكانی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، بەپێی جۆر و كار و ئاستی بڕوانامەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەرماڵەی جیاوازیان بۆ خەرجدەكرێت، جگە لە مووچەی بنەڕەتی.



PM:03:11:17/07/2017